لە گەڕەکەکانی هەولێر بیری نوێی ئاو لێدەدرێن

لیژنەیەکی هاوبەش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان پێکهێنراوە

K24 – هەولێر

بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو لە هەندێک گەڕەکی شاری هەولێر، بیری نوێ لێدەدرێن و بیرە کۆنەکانیش چاکدەکرێنەوە.

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە کێشەی کەمی ئاو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر هەیە، لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ پشتیوانی کردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە. هەندێک بیری ئاو لێدەدرێن و ئەوانەشی خراپ بوونە چاکدەکرێنەوە".

روونیکردەوە: "لیژنەکە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و کارەبا و نوێنەری موەلیدەکان، توانیومانە 30 بیر بە کارەبای موەلیدەکان ببەستینەوە، کاتێک کارەبای نیشتمانی دەبڕێت بیرەکان بە کارەبای موەلیدە ئیش دەکەن، زۆربەی کێشەکان چارەسەر کران، بەڵام ئەو قوڕ و لیتەی بەهۆی بارانەوە هات و پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی راگرت کێشەکانی قوڵکردەوە".

جێگری پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا: "بەشێک لە گەڕەکەکانی ناو هەولێر ئاوەکەیان لەسەر بۆری ئیفرازە و بەشێکی دیکەشیان ئاوی بیرەکانە، لە هەندێک گەڕەکیش هەردوو ئاویان هەیە".

راشیگەیاند: "بەهۆی دابەزینی ئاستی ژێر زەوی کێشەی کەم ئاوی دروستبووە، هەندێک بیر هەن لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان لێدراون و بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەمساڵ ئاوەکەی کەمی کردووە، ئێستا دەبێ دیسان بیر لێبدەینەوە".

جەخیتکردەوە: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی خەڵکی هەولێر بێ ئاو نەبن، لە هەندێک گەڕەک تا بیری نوێ لێدەدەین بە تانکەر ئاو دابەش دەکرێت، بۆ نموونە دەزگای خێرخوازی بارزانی رۆژانە یەک ملیۆن لیتر ئاو لە هەولێر دابەش دەکات، هەروەها تانکەرەکانی بەڕێوەرایەتی ئاوی ژێر زەویی و بەڕئوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و شارەوانییەکانی هەولێر رۆژانە ئاو لە گەڕەکەکان دابەش دەکەن و وەک یەک تیم کار دەکەن".