سوپاسالاری پێشمه‌رگه‌: دوو لیوای هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌غدا پێكده‌هێنن

كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق هه‌ماهه‌نگی له‌ گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگری بوو
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی بەرگری عێراق، گەیشتنە هەولێر، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، تایبه‌ت بە پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش، لەنێوان هەردوولادا.

له‌ چوار چێوه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی،  فه‌ریق جه‌مال ئیمنكی، سوپا سالاری پێشمه‌رگه‌، رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگی عێراق، تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی ناوه‌ندێكی هاوبه‌ش له‌ دیاله‌، رۆژئاوای نه‌ینه‌وا، مه‌خموور، كه‌ركووك و خانه‌قین، كۆبوه‌وه‌.

راشیگه‌یاند، پێكهێنانی دوو لیوای هاوبه‌ش له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ، له‌ سه‌ر هێڵی ته‌ماسی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌ عێراقییه‌كان، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌ بوو، هه‌ردوو لا و هاوپه‌یمانانیش، پێیان خۆشه‌، ئه‌و لیوایانه‌ دروست بكرێت.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق،  له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی له‌ گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری هه‌واڵگری، رێكه‌وتین.

روونیشكرده‌وه‌، شاندی حكومه‌تی عێراق، دوا گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ به‌غدا، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ده‌كه‌ن، پاشان ره‌زامه‌ندی وه‌رده‌گرن، دووباره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و رێككه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

ك.ب