دوو هۆکار بازاڕی ئۆتۆمبێل سست دەکەن

ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانە زیاتر دەفرۆشرێن کە بەنزین کەم خەرج دەکەن
پێشانگایەکی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی
پێشانگایەکی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی

K24 - سلێمانی

بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار و گرانی نرخی بەنزین، بازاڕی ئۆتۆمبێلیان سست کردووە، فرۆشیاران دەڵێن، ئێستا خەڵک کەمتر روو لە کڕینی ئۆتۆمبێل دەکەن، ئەگەر ئۆتۆمبێلیش بکڕن، ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکڕن کە نرخیان ھەرزانە و بەنزین کەم بە خەرج دەکەن.

پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری سلێمانی، وەک جاران قەرەباڵغیان لێنەماوە، فرۆشیارانیش ئەمە بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێننەوە، یەکەمیان بەرزی بەھای دۆلار و دووەمیان گران بوونی بەنزین، فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ھەر ناجێگیریەک لە بازاڕدا دروست ببێت، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر خواستی ئۆتۆمبێل دەبێت، بە جۆرێک ئێستا بەرزی بەھای دۆلار و گرانبوونی بەنزین وایکردووە، ئەگەر جاران لە ھەفتەیەکدا چەند ئۆتۆمبێلێکیان فرۆشتبێت، ئێستا بووە بە نیوە، یان ھەر نافرۆشرێن.

ئەحمەد رەشید، خاوەن یەکێک لە پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە لە شاری سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "هەموو ناجێگریەکی بازاڕ، کاریگەری لەسەر پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەبێت، گرانبوونی نرخی بەنزین کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، هەروەها بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بازاڕی ئۆتۆمبێلی سست کردووە".

ھەر کاتێک خواست لەسەر ئۆتۆمبێل زۆر، یان کەم بێت، کاریگەری لەسەر نرخەکەشی دەبێت، بەجۆرێک ئێستا ھەر ئۆتۆمبێلێک چەند سەد دۆلارێک لە نرخەکەی کەم بووەتەوە و بەم حاڵەشەوە ھاووڵاتییان لە جاران کەمتر ئۆتۆمبێل دەکڕن.

فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل دەڵێن، ھەر کاتێک نرخی بەنزین بەرز ببێتەوە، خواست لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە زۆرکەم دەبێت، کە لە ئۆتۆمبێلی دیکە بەنزین زیاتر خەرج دەکەن، ھەر ئەمەش وایکردووە نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە چاو ئۆتۆمبێلی دیکە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزێت.