نامەیەكی كراوە بۆ وەزیری پەروەردە

Kurd24

وانەی بەهاكان

بەڕێز: د. ئالان حەمە سەعید

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بابەت: پێشنیازكردنی وانەی (بەهاكان)

پاش سڵاو..

ئەگەر وەزارەتی پەروەردە لە پلانیدايه‌ بە پرۆگرامی خوێندندا بچێتەوە، پێشنیاز دەكەم وانەیەكی سەربەخۆ زیاد بكرێت بە ناوی وانەی (بەهاكان – القیم -The Values )، بە بڕوای من گرنگترین وانەیە كە پێویستە بخوێندرێت لە قۆناغی بنەڕەتی (یەك تا نۆ) بە چەند ئاستێك. ئەم وانەیە پێویستیەكی زۆر گرنگە بۆ ئامادەكردن و راهێنانی منداڵ و تازەپێگەیشتووان لەسەر بەها باڵاكان و، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەرەنجامە ئەرێنیەكانی دەبینین لەسەر ژیانی خۆیان، خێزان، كۆمەڵگا و تەواوی مرۆڤایەتی. گرنگیدان و زیادكردنی ئەم وانەیە دەبێتە دەستكەوتێكی مەزنی ئەم كابینەیەی وەزارەت و، لە مێژوودا بە رێزەوە باس لەم هەنگاوە بوێرانەیە دەكرێت. بۆ بەرچاوڕوونی بەڕێزتان، لێرەوە لیستێك لە بەها سەرەكیەكانی ئەو وانەیە پێشنیاز دەكەم:

1. راستگۆیی

2. رێزگرتن

3. پێزانین

4. خۆشەویستی

5. رەوشتبەرزی

6. ژینگەپارێزی

7. مرۆڤدۆستی

8. ئاژەڵدۆستی

9. دەستپاكی

10. خاكیبوون

11. گەشبینی

12. خێزانناسی

13. هاوڕێیەتی

14. سەربەستی

15. پابەندبوون

16. یەكڕوویی

17. متمانەپێبوون

18. متمانەبەخۆبوون

19. گیانی خۆبەخشی

20. كاری خێرخوازی

21. دادپەروەری

22. لێبوردەیی

23. پێكەوەژیان

24. هەستی بەرپرسیارێتی

25. خۆگونجاندن

26. بەزەیی

27. لێهاتوویی

28. تەندروست ژیان

29. داهێنانكاری

30. نوێخوازی

لە كاتی پەسەندكردنی ئەم پێشنیازەم، گرنگە ئەم چەند خاڵە لەبەرچاو بگیرێت:

1. لەپاڵ بەهابوونیان، دەكرێت هەندێك لەو خاڵانەی سەرەوە وەك چەمك یان لێهاتووییش مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

2. لیستەكەی سەرەوە داخراو نیە و، دەكرێت بەهای گرنگی دیكەی بۆ زیاد بكرێت لە رێگەی لیژنەیەكی پسپۆڕ.

3. هەر یەكێك لەو بەهایانە ورد دەكرێتەوە بۆ چەندین چەمك و لێهاتوویی و بابەتی دیكە.

4. پێویستە هەر یەكێك لەو بەهایانە بە دوو هەفتە تا چوار هەفتە بوترێنەوە، بەجۆرێك لە ساڵێكدا قوتابی لەگەڵ تەنها 6 بۆ 10 بەها بە تەواوی ئاوێتە ببێت و، بیانكاتە بەشێك لە بیركردنەوە و ئاكار و رەفتار و گوفتاری رۆژانەی.

5. پێویستە هەر یەكێك لەو بەهایانە بە شێوەی كارەكی (عملي) بوترێنەوە، بە جۆرێك كە بەرلەوەی مامۆستای وانەكە پێناسەی ئەو بەهایە بكات، بە چەندین جۆر پراكتیزەی بكات بە قوتابیەكان، چونكە هەر یەكێك لەو بەهایانە و پێچەوانەكانیان دەیان دەرفەتی پراكتیزەكردنیان هەیە. پاشان پێناسەی بەهاكە بكرێت بۆ قوتابی.

6. لە كاتی پەسەندكردنی وانەكە، پێویستە خولێكی راهێنەری راهێنەران (TOT) بۆ بەربژێرێك لە مامۆستایانی وانەكە بكرێتەوە لە لایەن كەسانی پسپۆڕ لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی، تاوەكو ئەوانیش راهێنان بە مامۆستایانی دیكە بكەن. دەشكرێت لە شێوەی زنجیرەیەك خێوەتگا (دیده‌وانی) راهێنان بە سەدان مامۆستای ئەو وانەیە بكرێت.

7. چەندین وردەكاری گرنگ و پێویستی دیكە هەن، كە لەگەڵ پەسەندكردنی ناوەڕۆكی ئەم نامە كراوەیەم دەتوانین قسەیان لەسەر بكەین.

لە كۆتاییدا دووپاتی دەكەمەوە، كە ئەگەر ئێمە رژدین لەسەر گۆڕانكاری ریشەیی ئەرێنی، ئەوا هیچ وانەیەك هێندەی ئەم وانەیە بە گرنگ نازانم، كە نەبوونی دەرهاویشتەی نەخوازراوی هەبووە لەسەر نەوەكانی ئێستا بە رێژەی جیاواز.

لەپێناو چاكەی گشتی و گەشەپێدانی بەهاباڵاكان لە نەوەكانی داهاتوودا، ئامادەیی خۆبەخشانەی خۆم دەردەبڕم بۆ هاوكاریكردن لە ئامادەكردنی وردەكاری وانەكە. ئەم پێشنیاز و نامە كراوەیه‌شم لە سۆنگەی هەستی بەرپرسیارێتیم لە لایەك و، متمانەم بە دڵسۆزی جەنابتان لە لایەكی دیكەوە، نووسی و بڵاوكردەوە. بەهیوای بەدەمەوەهاتنتان..

لەگەڵ رێزم

د. رەئوف كەریم مەحموود

مامۆستای زانكۆ و راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی

22ی ئابی 2021