یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی بووه‌ خاوه‌نی گرانبه‌هاترین پێكهاته‌ له‌ مێژوودا

یانەی مانچێستەر سیتی، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بەهای یاریزانەکانی لە بازارەکانی جیهانی نرخەکەی یەک ملیار یۆرۆ تێپەڕاند.

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، بەهای سەرجەم یاریزانەکانی یانەیەک سنووری یەک ملیار یۆرۆی تێپەڕاند، ئەویش یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزیە کە خاوەنی 24 یاریزانە و بەهای ئەو یاریزانانەش لە ماڵپەری ترانسفێر مارکێت، بە 1 ملیار و 60 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە.

بە بەهاترین یاریزانی ستیزن کە ترانسفێر مارکێت خەمڵاندوویەتی، کیڤن دێ برۆین ناوەڕاستکاری بەلجیکیە و بەهاکەشی بە 100 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە، لە دوای ئەویش رەحیم ستێرلینگ دێت کە بەهاکەی ئەویش 90 ملیۆن یۆرۆیە و هەرزانترینیشیان سکۆت کارسۆن گۆڵپارێزی سێیەمی ئەو یانەیە کە بەهاکەی تەنها 300 هەزار یۆرۆیە.

لە پلەی دووەمیش یانەی چێڵسیە، ئەو یانەیەش کە لەوەتەی رۆمان ئابرامۆڤیچی بازرگانی رووسی بووەتە خاوەنی ئەو یانەیە، چەندین یاریزانی گرانبەهایان بۆ ریزەکانیان گواستووەتەوە و دیارترینیشیان رومێلو لوکاکۆی بەلجیکەیە کە ئەم هاوینە لە ریزەکانی یانەی ئینتەر میلان گواسترایەوە.

بە بەهاترین یاریزانیش لە پێکهاتەی بلوز کە ماڵپەری ترانسفێر مارکێت خەمڵاندنی بۆ کردووە، رومێلو لوکاکۆی بەلجیکیە و بەهای ئەو یاریزانەش دەگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ، هەروەها لە دوای ئەویش ماسۆن ماونت دێت کە ئەم یاریزانە لاوەش بەهاکەی بە 75 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە.

سێیەم بە بەهاترین یانەش لە مێژوودا، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسایە، ئەو یانەیەش لەوەتەی ساڵی 2011 لەلایەن بازرگانی قەتەری ناسر خلێفی خاوەنداریەتی دەکرێت و لەو کاتەوەش ئەو یانەیە چەندین یاریزانی گرانبەهای گواستووەتەوە، لەوانەش نێیمار داسیلڤای بەڕازیلی.

جاك گریلیچ له‌م هاوینه‌ به‌ 100 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ مان سیتی
جاك گریلیچ له‌م هاوینه‌ به‌ 100 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ مان سیتی

 

گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی ئەو یانەیە، نێیمار دا سلیڤایە کە لە هاوینی 2017 بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بارسێلۆنا گواسترایەوە، هەروەها بە بەهاترین یاریزانی ئەو یانەیەش کلیان مباپێیە کە بەهاکەی بە 160 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە و نێیمار بە 100 ملیۆن و مێسی بە 80 ملیۆن، پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.