سنووری پێنجوێن و شارباژێڕ بۆردمان دەکرێت
K24 – سلێمانی
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چەند فڕۆکەیەک سنووری گوندەکانی قەزاکانی پێنجوێن و شارباژێڕ بۆردومان دەکەن
پەیامنێرمان لە سنوورەکە رایگەیاند، تائێستا نەزانراوە ئەو فڕۆکەی کە ناوچەکەی بۆردومان کردووە هی کێیە.
زانا عەبدولرەحمان قایمقامی پێنجوین بە کوردستان24 راگەیاند: "کاتژمێر 6ی سەر لە بەیانی لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ژمارەیەک لە گوندەکانی سنووری پێنجوێن بۆردومان کراون".
گوتیشی: "بۆردومانەکە سنووری هەر یەک لە گوندەکانی کانی میران، هۆمەرەسێنان، وریا ئاوا-ی گرتووەتەوە".
قایمقامی قەزای پێنجوێن راشیگەیاند: "خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام بۆردومانەکە ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی خەڵکی ناوچەکە، چونکە ئەو ناوچانەی بۆردومان کراون، زەوی کشتوکاڵی و لەوەڕگای ئاژەڵانن و شوێنی کار و کەسابەتی گوندنیشینانە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو سنوورە بارەگای هیچ هێزێکی سەربازی لێ نییە، نازانین ئامانج لە بۆردومانەکە چی بووە".
قەزای پێنجوێن، سەر بە پارێزگای سلێمانییە و بەگوێرەی دوایین ئامار ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 50 هەزار کەس دەبێت. قەزاکە لە ناحییەکانی ناڵپارێز، گەرمک، پێنجوێن پێکهاتووە.
هاوکات شاهۆ عوسمان، قایمقامی شارباژێڕ بە کوردستان24ی گوت: "بۆردومانەکە چەند ناوچەیەکی سنووری قەزای شارباژێریشی گرتووەتەوە، زیانی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام خانووی هاووڵاتییەک کە لەناو باخ دروستی کردبوو بەر بۆردومانەکە کەوتووە و روخاوە".