نرخی نەوت دەگاتە 75 دۆلار

بانکی UBS پێشبینیەکانی بۆ نرخی نەوت دەخاتەڕوو

K24 - هەولێر

سەرەڕای داکەوتنە گەورەکەی هەفتەی رابردوو لە بازاڕی نەوت بەهۆی گوشارە ئابووری و هەڵکشانی مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆناوە، بانکی (یو بی ئێس)ی گرووپی سویسری پێشبینی دەکات، نرخی نەوت لەگەڵ زیادبوونی خواستی چین بەرزبێتەوە.

ئاژانسی بلوومبێرگ، راپۆرتێکی شیکاری ئەو بانکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، پێشبینی دەکەن سەرەڕای کەمی خستنەڕوو لە بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 75 دۆلار بەرزبێتەوە.

هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ کەمبوونەوەی ئەگەرەکان بە گەڕانەوەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگەڕێنێتەوە، لە هەمانکاتدا عەمبارەکانی نەوتی جیهان کەم دەبنەوە، و هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامی سیاسەتی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دەگەڕێنێتەوە.

بەگوێرەی خەملاندنەکانی یو بی ئێس، خواستی جیهان بۆ نەوت 97.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، ئەگەری هەیە لەمساڵدا لەگەڵ باشبوونی چالاکی ئابووری خواست بۆ 99 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزببێتەوە.