بەھۆی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە زیاتر لە 6 ھەزار باڵەخانە و خانوو رووخاون
K24 - ھەولێر
حکوومەتی تورکیا ئاشکرای کرد لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باکووری کوردستان زیاتر لە 6 ھەزار باڵەخانە و خانوو رووخاون.
نوعمان کورتوڵموش، جێگری سەرۆك وەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: "لە ئەنجامی شەڕی نێوان ھێزە ئەمنییەكانی توركیا و پەكەكە 6 ھەزار 300 باڵەخانە و خانوو لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان رووخاون یانیش زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە".
جێگری سەرۆك وەزیرانی تورکیا ئاشکراشی کرد: "زۆربەی ئەو باڵەخانانەی زیانیان پێگەیشتووە لە ناوچەکانی سوری ئامەد، سلۆپی، جزیرەن".
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا کورتوڵموش رایگەیاند: "نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە و شەقامەکانی ناوچەکانی باکووری کوردستان پێویستی بە بڕی 294 ملیۆن دۆلار ھەیە".