پێویستییەکانی هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەخرێنەڕوو

بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ کۆبوونەوەیەک لەبارەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ بەڕێوەدەچێت
قەزای سۆران - قەزای زاخۆ
قەزای سۆران - قەزای زاخۆ

K24 – هەولێر

بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک و بەرپرسانی ئیداری سۆران و زاخۆ، پرسی بە ئیدارەبوونی سۆران و زاخۆ تاوتوێ دەکرێت و پێداویستییەکانیان دەخرێنەڕوو.

رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند: "بۆ خستنەڕووی پێداویستییەکانی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران و زاخۆ، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و ژمارەیەک وەزیری و بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی هەردوو ئیدارەی سۆران و زاخۆ، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوە دەچێت".

لە کۆبوونەوەی رۆژی 28/7/2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا هەردوو قەزاکانی سۆران و زاخۆ بکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ.

لە 31/7/2021، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و زاخۆی واژۆ كرد و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشی راسپارد، رێكاری پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ بگرنه‌به‌ر.