مه‌سرور بارزانی بڕیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و زاخۆی واژۆ كرد
K24 - هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و زاخۆی واژۆ كرد و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانیشی راسپارد، رێكاری پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه بگرنه‌به‌ر.
به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كه، كه به واژۆی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه، مه‌به‌ست له‌و بڕیاره به‌رجه‌سته‌كردنی لامه‌ركه‌زیی به‌ڕێوه‌به‌ردن و بنه‌مای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و چڕنه‌كردنه‌وه‌ی له ناوه‌نده باڵاكانی به‌ڕێوه‌بردنه.
وه‌ك له نووسراوه‌كه‌دا هاتووه، سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، له هه‌ردوو قه‌زای زاخۆ و باتیفا و ئیداره‌ی سۆرانیش له قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سوور پێكهاتوون.
وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كراوه، وێڕای جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه له رۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی له رۆژنامه‌ی "وه‌قایعی كوردستان"، وه‌زاره‌تی ناوخۆی راسپاردووه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، بڕیاره‌كه جێبه‌جێ بكات.
له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو (28ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2021)، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی، بڕیاریدا هه‌ردوو قه‌زای زاخۆ و سۆران ببنه ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ.