پلاسخارت: دواخستنی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدا نییه
K24 – هەولێر:
جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له عێراق، له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، وتارێكی ده‌رباره‌ی ره‌وشی عێراق، پێشكه‌ش كرد، تێیدا رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه بڕیاره له (10ی تشرینی یه‌كه‌م) به‌ڕێوه بچێت، جیاواز ده‌بێت.
راشیگه‌یاند، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له عێراق، بنه‌مایه‌ك ده‌بێت بۆ دروستبوونی گۆڕانكاری، هه‌روه‌ها جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی (2018).
روونیشیكرده‌وه، متمانه‌ی هه‌ڵبژاردنی تشرینی یه‌كه‌م له عێراق، ده‌بێته بنه‌مایه‌كی پته‌و بۆ دروستكردنه‌وه‌ی داهاتووێكی جیاواز.
ئاماژه‌یپێكرد، ژماره‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه ئیداره‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، پێنج هێنده‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ن كه له ساڵی (2018) له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌شدار بوون.
جه‌ختیشیكرده‌وه، كشانه‌وه له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كارێكی ستراتیژی نییه، ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێك یاخوود كاندید و سیاسییه‌ك، بیكات.
گوتیشی: سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی تشرینی یه‌كه‌م، په‌یوه‌سته به پاكی ئه‌و حزبانه‌ی كه تێیدا به‌شدارن، دواخستن و كشانه‌وه‌ش، له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدا نییه، به‌ره‌نگاری ئه‌و زانیاری و هه‌واڵانه‌ش ده‌بینه‌وه كه رۆڵی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ناشرین ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان
ك.ب