"سه‌ردانی "ماكرۆن" بۆ هه‌ولێر دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتیوانیی هه‌رێمی كوردستانه‌"

پسپۆڕێكی پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان: سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئاماژه‌یه‌كه‌، هه‌رێمی كوردستان ئه‌فغانستان نییه‌
ئاماده‌كاری كراوه‌ بۆ پێشوازیكردنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
ئاماده‌كاری كراوه‌ بۆ پێشوازیكردنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا

K24- هه‌ولێر:

لە هەولێر بۆ پێشوازی لە سەرۆکی فەرەنسا ئامادەکاری دەکرێت، شەقامەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاڵای کوردستان و فەرەنسا رازێنراونەتەوە، پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گرنگیی‌ سه‌ردانی "ماكرۆن" بۆ كوردستان له‌وه‌دا دەبیننەوە، كه‌ په‌یامێكی گرنگی ده‌بێت، ئه‌ویش پشتیوانیی هه‌رێمی كوردستانه‌، ده‌شڵێن ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌، کە كوردستان ده‌بێته‌ فاكته‌رێكی ئارامیی له‌ ناوچه‌كه‌دا.

شەقامەکانی هەولێرن و بە ئاڵای کوردستان و فەرەنسا و عێراق رازێنراونەتەوە بۆ پێشوازی لە سەرۆکی فەرەنسا، کە بریارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بگاتە هەولێر، پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان مێژوویین لە گەڵ دەسپێکردنی شەڕی داعش فەره‌نسا پاڵپشتێکی گەورەی هەرێمی کوردستان بووە، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەریش ئەو وڵاتە شکێنەری ئابڵوقەی دیپلۆماسی و ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان بوو، سەردانەکەی "ماکرۆن" لەدۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووداوەکانی ئەفغانستان و پرسی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق ئەو پەیامە دەگەیەنێتە جیهان، کە هەرێمی کوردستان تەنیا نییە و فەرەنسا پاڵپیشتیەتی.

ئاراس عەبدوڵڵا، پسپۆڕی پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان گوتی: "له‌ قه‌یرانه‌كاندا فه‌ره‌نسا فریادڕه‌سی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، ئه‌و بونیاتنانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ په‌یوه‌ندی سیاسی و بازرگانی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا، بۆیه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا په‌یامێكه‌ كه‌، هه‌رێمی كوردستان ئه‌فغانستان نییه‌".

له‌م دۆخه‌دا‌ هاتنی سه‌رۆكی وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك فه‌ره‌نسا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگه، چونكه‌ متمانه‌ بە كوردستان و عێراقیش ده‌دات،‌ كه‌ فه‌ره‌نسا وەك ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهان، دێت پشتیوانی له‌ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بكات.

سامان سۆرانی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و یه‌كێتی ئه‌وروپاش له‌ جه‌نگی دژی داعش، پێشمه‌رگه‌ش رۆڵێكی گه‌وره‌ی بینیوه‌ له‌ تێكشكاندنی داعش، ئه‌مه‌ پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی داوه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی فه‌رنسا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دووپاتی بكاته‌وه‌، كه‌ پشتگیری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن".

سەردانەکەی "ماکرۆن" دەبێتە دووەمین سەردانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان، کە چاوەڕوان دەکرێت "ماكرۆن" په‌یامی سوپاسی پیشمه‌رگه‌ بداته‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و په‌یامی پشتیوانیی ئه‌وروپاش بە كوردستان بگەیەنێت، بڕیاریشه‌ له‌ داهاتوودا فه‌رە‌نسا جیا له‌ بواری سه‌ربازی، له‌ هه‌موو بواره‌كاندا پشتیوانیی عێراق و كوردستان بكات، به‌تایبه‌تی كۆمپانیاكان.

د.ی