کەڕووی رەش یەخەی هاووڵاتییانی ئێران دەگرێت

دەرمانی نەخۆشیەکە دەست ناکەوێت و لە بازاڕی رەش بە نرخێکی گران دەفرۆشرێت
کەڕووی رەش
کەڕووی رەش

K24 - هەولێر

ھاوكات لەگەڵ تەشەنەكردنی زیاتری كۆرۆنا، نەخۆشی كەڕووی رەشیش بەرۆكی ھاووڵاتییانی ئێرانی گرتووە، وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە هەشت ھەزار تووشبووی كۆرۆنا لەو وڵاتە لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان، ھاوكات بەھۆی بڵاوبوونەوەی كەڕووی رەش دەرمانی ئەو نەخۆشییەش لە ئێران دەست ناكەوێت و لە بازاڕی رەشدا بە نرخی زۆر زیاتر بە ھاووڵاتییان دەفرۆشرێت.

ئەگەرچی قوربانیانی كۆرۆنا ھەر دێت و بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی ئێران دەڵێن، ھێشتا شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا لە ئێران نەگەیشتووەتە لوتكە و چاوەرێی بەرزبوونەوەی زیاتری قوربانییەكانی كۆرۆناش دەكرێت. لە دوایین ئاماردا وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندووە، لە ئێستادا 8 ھەزار كەس لەو وڵاتە لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان و دۆخی تەندروستیان ناجێگیرەو رۆژانەش نزیكەی 40 ھەزار كەس تووشی ئەو پەتایە دەبن.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، رۆژانە نزیكەی 600 كەس لەو وڵاتە بە كۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن و تاكوو ئێستاش نزیكەی 106 ھەزار كەس بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە، دۆخەكەش بەشێوەیەكە كە ئیبراھیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران ئەولەویەتی یەكەمی وڵاتەكەی كردووەتە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، تەنانەت وەزیری دەرەوەی نوێی ئەو وڵاتەش یەكەم كۆبوونەوەی وەزارەتەكەی بۆ پرسی ھێنانی ڤاكسین لە وڵاتانی دیكە تەرخان كرد.

سەرەڕای تەشەنەكردنی زیاتری كۆرۆنا نەخۆشی كەڕووی رەشیش لە چەندین پارێزگای ئێران تۆماكراوە، ناوەندی خواردن و دەرمانی ئێران رایگەیاندووە، داخوازی لەسەر دەرمانی كەڕووی رەش ھێندە زۆر بووە كە ئێستا ھیچیان لە كۆگاكاندا نەماوەو ئەو دەرمانەی دوو ھەفتە لەمەوپێش بە 400 ھەزار تومەن بوو، ئێستا لە بازاڕی رەشدا بە 4 ملیۆن تومەن دەفرۆشرێت.

بەرپرسانی ئێران ھەموو ھەوڵی خۆیان بۆ دابینكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەدەن، ئێران پێویستی بە 120 ملیۆن ژەم ڤاكسین ھەیە، كە تاكوو ئێستا تەنیا توانیویەتی 22 ملیۆن ژەم دابین بكات، بۆیە سەرۆك كۆماری ئێران وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە، بەھەموو شێوەیەك ھەوڵ بۆ دابینكردنی ڤاكسین بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو دۆخە دەرباز بكەن.