هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

"سەرجەم بانکەکان بە یەک سیستەم دەبەسترێنەوە"

K24 – هەولێر

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئاشکرای کرد، هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، لە دەستپێکدا بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی و پۆلیس کراوەتەوە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم گوتی: "موژدەی ئەوەتان پێدەدەین، ئەمڕۆ ماددەی 13 لە یاسای چاکسازی چووە واری جێبەجێکردنەوە و وەک هەنگاوی یەکەم، هەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی کەرتی شارستانی و پۆلیس کراوەتەوە، بە گوێرەی یاساکە هەژماری بانکی بۆ هەموو مووچەخۆرانی کوردستان دەکرێتەوە".

گوتیشی: "لە قۆناغەکانی داهاتوو هەژماری بانکی بۆ سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و دەتوانن لە کاروباری رۆژانەیان سوودی لێ وەربگرن".

هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا لەبارەی کارابوونی سیستەمەکە د.عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون  ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی ئێستا کراوە گواستنەوەی کۆدی بێ هاوتایە کە لە سیستمی بایۆمەتری بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری نێردراوە.

روونیکردەوە: "بەو کۆدە دەتوانن کۆنترۆڵی بەخشین و ئیمتیازات و مووچە بکەن".

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە "زیاتر لە 20 بانک لە پرۆسەی سیستمی ئەلیکترۆنی رێکخراوە،و وەزارەتی دارایی و فەرمانگەی زانیاری و وەزارەتی پلاندانان لە هەوڵدان سەرجەم بانکەکان بە یەک سیستەم بە یەکەوە ببەستنەوە".