دانیشتنی ئاسایی خولی پایزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ست پێده‌كات

په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خولی پایزه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ 5 پڕۆژه‌یاسا ده‌كات
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یندراوێكدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (30ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) بۆ دانیشتنی ژماره‌ (1)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی سێیەم بانگهێشتی ئه‌ندامه‌كانی ده‌كات و بڕیاره‌ له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی ئاسایی خۆیدا خوێدنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسایه‌ك و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ 4 پڕۆژه‌یاسای دیكه‌ بكات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه‌، دانیشتنی په‌رله‌مان له‌ ‌كاتژمێر (12)ی نیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌ (1ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021) ده‌بێت و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی دیاریكردووه‌.

به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی كار دوای رێزلێنان لە گیانی شەهیدانی كوردستان و مارشی نەتەوەیی، ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ له‌ دانیشتنی رۆژی چوارشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت:

خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، پشتبەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (78) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پڕۆژە و پێشنیازەیاسایانەی خوارەوە، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

1. پێشنیازەیاسای (هەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق، ژمارە (3)ی ساڵی 2011).

2. پڕۆژەیاسای (نیشان و میدالیا لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

3. پڕۆژەیاسای (هەمواری دووەمی یاسای یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی، ژمارە (14)ی ساڵی 1993 لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

4. پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ژمارە (10)ی ساڵی 2010 لە هەرێمی كوردستان-عێراق).