نزیکەی 20 رۆژە بەشێک لە دارستانەکانی باکووری کوردستان دەسوتێن

خەڵک و ژینگەپارێزان گلەیی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن
دیمەنێکی سوتانی دارستانەکانی دێرسم - فۆتۆ: aa
دیمەنێکی سوتانی دارستانەکانی دێرسم - فۆتۆ: aa

K24 - هەولێر

لە چوار شاری باکووری کوردستان، دێرسم و شرناخ و بینگۆل و بەدلیس، سووتانی دارستانەکان بەردەوامە، تا ئێستا تەنیا ئاگری گەلی مونزور کۆنتڕۆڵکراوە، هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بە هێواشی بەڕێوەدەچن، هاووڵاتییان گلەیی دەکەن، لەوەی حکومەت هەوڵی جددی نەداوە و کەمتەرخەمە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

لە سنووری پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، نزیکەی 20 رۆژە ئاگر کەوتووەتەوە و نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

محەمەد عەلی ئاسلان، سیاسەتمەدار و یاریدەدەری سەرۆکی گشتی جەهەپە لە دێرسیم بە کوردستان24ی گوت: "زیاتر لە 16 رۆژە ئاگر کەوتووەتەوە، هەوڵەکان وەک پێویست نین، دەبوایە فڕۆکە و هێلیکۆپتەر بۆ کوژراندنەوەی ئاگر بەکاربهێنرێت، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە تائێستا دارستانەکان دەسوتێن".

جگە لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی حکومەت، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی باکووری کوردستان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرن، بەڵام ئاگرەکە هێندە بەربڵاوبووە، لە توانای ئەمان دا نییە، بە تایبەتی لە کاتەکانی شەودا ناچارن واز بێنن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

عیمران زەلەف، یەکێکە لە چالاکوانەکانی ژینگە لە دێرسم لەگەڵ چەندین ژینگەپارێزی دیکە لە هەوڵدان بۆ ئاگر کوژاندنەوە، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "زۆربەی دارەکان وشکبوونە و ئەگەر ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، زیانێکی زۆر بە دارستانەکان دەگات، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی جدی بدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە دارستانەکانی دێرسیم".