كچانی لوبنان هه‌ڵمه‌تی "هاوسه‌رگیری بێماره‌یی" راده‌گه‌یه‌نن
K24 - هه‌ولێر:
له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه له لوبنان هه‌ڵمه‌تێك ده‌ستیپێكردووه به‌ناوی "هاوسه‌رگیری به‌بێ ماره‌یی"، به گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌و وڵاته‌ش، ئه‌وانه‌ی پشتگیری هه‌ڵمه‌ته‌كه ده‌كه‌ن مه‌به‌ستیان كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی هاوسه‌رگیرییه له‌و وڵاته.
راگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌ته‌كه له‌كاتێكدایه لوبنان به‌ده‌ست چه‌ندین قه‌یرانی سه‌خت و ئاڵۆزه‌وه ده‌ناڵێنێت، له سه‌رووی هه‌موویان كه‌می سووته‌مه‌نی و خۆراك، كه به گوێره‌ی ئامارێكی مانگی ته‌ممووزی 2021، كه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه 75%ی لوبنانییه‌كان پاره‌ی خۆراكی رۆژانه‌یان پێ دابین ناكرێت.
هه‌ڵمه‌ته‌كه مشتومڕێكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه و چالاكوانان به هاشتاگی (#تزوجني_بدون_مهر)، كه به واتای هاوسه‌رگیری بێ ماره‌یی دێت، را و بۆچوونی خۆیان له باره‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه ده‌نووسن.
به گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌و وڵاته، بۆچوونه‌كان به‌سه‌ر هه‌ردوو به‌ره‌ی دژ و پشتیوانی هه‌ڵمه‌ته‌كه دابه‌ش بوونه، هه‌ندێكیان پێیانوایه هه‌ڵمه‌ته‌كه رێگه‌چاره‌یه‌كه بۆ چاره‌سه‌ركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی قه‌یره‌یی كچان كه ئێستا به‌هۆی دۆخی ئابووری لوبنان ژماره‌كه زۆر زیادی كردووه، هه‌ندێكیشیان پێیانوایه ئه‌و كاره كه‌مكردنه‌وه‌یه له به‌های كچان و ئافره‌تان.
هه‌ندێك له گه‌نجانی ئه‌و وڵاته پێیانوایه، پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له لوبنان سه‌خت بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی باری دارایی خه‌ڵك خراپه و به‌و جۆره هه‌ڵمه‌ته ئه‌ركی سه‌رشانی گه‌نجان كه‌متر ده‌كاته‌وه.