بۆردومانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی شیلادزێ بریندار بوونی دوو هاووڵاتی لێكه‌وته‌وه‌

بە مەبەستی راوە ماسی چوونەتە گوندی (سیدان) لە ناوچەی شێلادزێ
وێنه‌یه‌كی ئه‌رشیفی، كه‌ تێیدا چه‌ند هاووڵاتییه‌كی سنووری شیلادزێ بریندارێكی بۆردومانه‌كانی توركیا ده‌گوازنه‌وه‌
وێنه‌یه‌كی ئه‌رشیفی، كه‌ تێیدا چه‌ند هاووڵاتییه‌كی سنووری شیلادزێ بریندارێكی بۆردومانه‌كانی توركیا ده‌گوازنه‌وه‌

K24 – دهۆك:

دوو هاوڵاتی ناحیەی شێلادزێ کەلە تەمەمی 39 و 45 ساڵی دان بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە برینداربوون.

وارشین سەلمان، قائیمقامی قەزای ئامێدی بە کوردستان 24ی راگەیاند، دوو هاووڵاتیەکە بە مەبەستی راوە ماسی چوونەتە گوندی (سیدان) لە ناوچەی شێلادزێ و لەناکاو بوونەتە ئامانجی فڕۆکەکانی تورکیا و به‌ هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانه‌وه‌ بریندار بوون.

قائیمقایمی ئامێدی راشیگەیاند، کە دوو هاووڵاتییەکە برینیان سووکە و دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست ڕەوانەی ماڵەوە کراون.

گوتیشی: ناوچەكه‌ دوورە دەستە و ساڵانێکە گوندەکانی ئەو ناوچەیە چۆڵن و بە بەردەوام دەبنە ئامانجی فڕۆکەکانی تورکیا.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە سنووری قەزای ئامێدی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا و شەڕی چەکدارانی پەکەکەوە 36 هاووڵاتی ناوچەکە شەهیدکراون و چەندین هاووڵاتیش بریندار کراون.