فازڵ میرانی: پارتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك

"پارتی له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق بانگه‌شه‌یه‌كی هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات"

K24- هه‌ولێر:

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، رۆژی یەکشەمەی داهاتوو پارتی بۆ کردنەوەی بارەگای بانگەشەی ھەڵبژاردن دەگەڕێتەوە کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ کوردستان24، فازڵ میرانی ئاشکرای كرد، لیژنەیەکی تایبەتمەند‌ بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حكومەتی عێراق پێكهێنراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لایەنگران و بەرپرسانی پارتی لەو سنوورە رۆژی یەکشەممە بۆ بانگەشە دەگەڕێنەوە کەرکوك و بارەگای بانگەشە لە کەرکووك دەکەنەوە.

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، پارتی لە سەرتاسەری عێراق بانگەشەی خۆی دەکات و بانگەشەیەکی ھێمنانە بەڕێوە دەبات.

بڕیاره‌ له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت و زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ستیان به‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كردووه‌، پێشتریش كه‌ ده‌نگۆی دواخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ ئارادابوو، به‌ڵام دوای پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له‌ بڕیاری بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن، ئه‌گه‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن به‌هێز بوونه‌ته‌وه‌.

H.B