كۆرۆنا رێگه‌ی نه‌دا كۆڤان حه‌سه‌ن پارێزگاری له‌ مێدالیا زێره‌كه‌ی بكات

كۆڤان حه‌سه‌ن پاڵه‌وانی كورد له‌ یاریی هه‌ڵدانی ڕم. تۆكیۆ 4 ئۆگه‌ستی 2021
كۆڤان حه‌سه‌ن پاڵه‌وانی كورد له‌ یاریی هه‌ڵدانی ڕم. تۆكیۆ 4 ئۆگه‌ستی 2021

ڤایرۆسی کۆرۆنا نەیهێشت کۆڤان حەسەن پارێزگاریی لە مێداڵیا زێڕەکەی بکات و لە پارائۆڵمپیکی تۆکیۆ پلەی شەشەمی بەدەستهێنا.

کۆڤان حەسەن پاڵەوانی بەناوبانگی کوردستان لە پارائۆڵمپیکی تۆکیۆ لە هەڵدانی رم نەیتوانی پارێزگاریی لە مێداڵیا زێڕەکەی بکات کە لە پارائۆڵمپیکی ریۆ بەدەستیهێنابوو، کوڕە کوردەکە لە کۆی شەش هەوڵی ٣٧،١٩ مەتر درێژترین مەودا بوو کۆڤان بتوانێت رمەکەی هەڵبدات.

کۆڤان لە هەوڵی یەکەمی ٣٦،٩٠ مەتر رمەکەی هەڵدا، لە هەوڵی دووەمی کە باشترین ئەنجامی بوو ٣٧،١٩ مەتر هەوڵەکەی هەڵدا، لە هەوڵی سێیەمی ئەو کوڕە ئاکرەییە ٣٦،٣٣ مەتر رومەکەی هاویشت، لە هەوڵی چوارەمیشدا ٣٦،٣٤ رمەکەی هاویشت، لە هەوڵی پێنجەمی ٣٣،٩١ مەتر و هەوڵی شەشەمی ٣٤،٢٨ مەتری تۆمارکرد.

کۆڤان لە ریزبەندی گشتی پلەی شەشەمی بەدەستهێنا، بەڵام ویڵدان نزار کە یاریزانێکی دیکەی عێراقی بوو پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و بە ٤١،٣٩ مەتر مێداڵیای برۆنزی بۆ عێراق بەدەستهێنا و سون پینگچیانگی چینی مێداڵیای زێڕی بەدەستهێنا و لە هەڵدانی رم ٤٧،١٣ مەتری تۆمارکرد و مێداڵیای زیویش بووە بەشی ئێران، سادق بەیت سەیاح ٤٣،٢٥ مەتر رمەکەی هاویشت.

کۆڤان کە ئەمساڵ بە سەختی تووشی کۆرۆنا ببوو، پێشتر لە پارائۆڵمپیکی ریۆ و لەندەن بەشداریی کردبوو، لە پارائۆڵمپیکی ٢٠١٢ پلەی چوارەم و لە پارائۆڵمپیکی ٢٠١٦ پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو، ئەمجارەش لە پارائۆڵمپیکی تۆکیۆ تاکە وەرزشوانی هەرێمی کوردستان بوو بەشدار بێت.