بەلجیکا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات

"خاڵی دەستپێکی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی بەلجیکای کرد"
جیڵ سودنس، نوێنەری ژووری بازرگانی بەلجیکا
جیڵ سودنس، نوێنەری ژووری بازرگانی بەلجیکا

K24 - هەولێر

بەلجیکیەکان ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان تا وەبەرھێنان بکەن،  لە دوای سەردانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی بەلجیکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و بازرگانانی ئەو وڵاتە، ئێستا شاندێکی بازرگانانی بەلجیکا لە ھەرێمی کوردستانە، تا پڕۆژەی جۆرا و جۆر ئەنجام بدەن. سەرۆکی شاندەکە دەڵێت "لە سێ سێکتەر کار دەکەین، کە بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگن".

پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەلجیکا دەستیپێکرد، حکومەتی بەلجیکاش بە پڕۆژەی فراوان و گەورەوە هاتووەتە ھەرێمی کوردستان، تا لەو رێگەیەوە دەست بە و پڕۆژانە بکرێت کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی، بازرگانانی بەلجیکا لە سێ سێکتەری جیاواز دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژە ئەنجام بدەن، لەوانە کشتوکاڵ و ریسایکلین و کارسازی خانمان.

جیڵ سودنس، نوێنەری ژووری بازرگانی بەلجیکا بە کوردستان24ی راگەیاند: "خاڵی دەستپێکی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی بەلجیکای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی بەلجیکا کۆبوونەوە. ئێمە خۆشحاڵین کە ئەو ھەلەمان بۆ رەخساوە لە داھاتوو کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەین".

ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر، چەند رێککەوتنێکیان لەگەڵ شاندە بازرگانییەکەی بەلجیکا واژۆ کرد و لە چەند مانگی داھاتووشدا پڕۆژەکان  ھاوتەریب لەگەڵ وەبەرھێنەرانی ناوخۆیی دەستپێدەکەن، سەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی ھەولێر دەڵێت، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە پڕۆژەی جۆراوجۆرە، بە تایبەت حکومەتی بەلجیکا شارەزای زۆریان لە کەرتی کشتوکاڵدا ھەیە.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر بە کوردستان24ی گوت: "شاندە بازرگانییەکەی بەلجیکا پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە، کە سێ خولە بۆ بەشاداریکردن و پێشکەوتنی ئافرەتانە لە کار. هەروەها خولێکی دیکە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی بەرهەمی رەسەنی خۆماڵی، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت هەناردەی دەرەوەی بکات، یەکێکی دیکەش لە خولەکان چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک بە دامەزراندنی ریسایکلین، ئێمە پێشوازیمان لەو پڕۆژانە کردووە و گرێبەستیشیان لەگەڵ دەکەین و شوێنی تایبەت بۆ پڕۆژەکان دیاری دەکرێت".

پڕۆژەکانی بەلجیکا لە ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ دەکرێن کە خۆیان لە دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژی گرنگی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆیی دەبیننەوە، پاشان دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاک لە ھەرێمی کوردستان و  کردنەوەی خولی بەھێزکردنی کار بۆ ئافرەتان تا بتوانن بە ئاسانی کاریان دەست بکەوێت.