سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینان دروست دەکرێت

"هەر کەسێک خزمەتی کارکردنی لە 15 ساڵ کەمتربێت تۆمار ناکرێت"

K24 - هەولێر

بەرپرسی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی  ھەرێمی كوردستان ئاشکرای کرد، سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ خانەنشینان ئامادەکراوە، تا کۆتایی ئەمساڵ دەخرێتە کار، بەگوێرەی ئەو سیستمە هەر کەسێک خزمەتی کارکردنی لە 15 ساڵ کەمتربێت، ئەوا لە سیستمی خانەنشینینی تۆمار ناکرێت.

سەباح موخلیس، بەرپرسی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو سیستمە بە هاوکاری وەزارەتی دارایی و بە هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان دروستکراوە، سیستمێکی ئۆنلاینی گشتگیری ئەلیکترۆنییە و تەواو بووە، ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنە تەنها کڕینی کەلوپەلەکان ماوە".

گوتیشی: "هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەو سیستمە دەبەسترێنەوە، هەر کەسێک خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتربێت سیستمەکە نایخوێنێتەوە و وەریناگرێت، واتا خانەنشینی ناکات، ئەوکات تەنها پاداشتی کۆتایی راژە وەردەگرێت، ناچێتە ریزی خانەنشینانەوە".

بەرپرسی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی، روونیکردەوە: "دوای هەمواکردنەوەی یاساخانەنشینی پلە تایبەتەکانم کارەکە ئاسان دەبێت، فەرمانبەرانی ئاسایی دەخرێنە ناو ئەو سیستمە هەر کەسێک کەمتر لە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت بۆمان جیا دەکاتەوە".