تا ئێستا بەشێك لە لایەنەکان بایکۆتی هەڵبژاردنیان نەشکاندووە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: پلانی تۆکمە بۆ ئاسایشی هەڵبژاردن هه‌یه‌
دیمه‌نێك له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی عێراق
دیمه‌نێك له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

تەنیا مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، تا ئێستاش بەشێک لە حزب و هێزە سیاسییەکان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردن سوورن، سەرکردەیەکی رەوتی حیکمەش ئاشکرایدەکات، جووڵەیەکی سیاسی و حکومی فراوان، بۆ پەشیمانکردنەوەیان دەستیپێکردەوە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایگەیاند، پلانی ئەمنی تۆکمە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن و دابینکردنی کەشوهەوای گونجاو بۆ دەنگدەران دانراوە.

تەنیا یەک مانگ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ماوە، کە پێنجەم هەڵبژاردنی گشتییە لەوەتەی پڕۆسەی ئازادی عێراق لە 2003، بەڵام ئەمجارەیان عێراق کراوەتە 83 بازنە و زیاتر لە 3 هەزار و 500 کاندید لە زیاتر لە 200 حزب و قەوارەی سیاسی رکابەری بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.

لەکاتێکدا بەشێک لە حزب و هێزە سیاسییەکان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان سوورن، دیارترینییان، مینبەری عێراقی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، حزبی شیوعی عێراق، بەرەی دیالۆگی نیشتمانی، بزووتنەوەی نازل ئاخذ حقی، بەیتی وەتەنی و چەند حزب و قەوارەیەکی دیکە، "سەعد مەعن"، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەو پلانانەی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان دانراون، لەسەر بنچینە و پێوەری دۆخی ئەمنی هەر پارێزگایەك داڕێژراون، بۆیە بەبڕوای ئەو پلانەکان سەرکەوتوو دەبن و کەشوهەوای گونجاو بۆ دەنگدەران دابین دەکرێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، "رەحیم عەبودی"، سەرکردە لە رەوتی حیکمە گوتی: جووڵەیەکی سیاسی و حکومی فراوان بۆ پەشیمانکردنەوەی ئەو هێزانە دەستیپێکردەوە، کە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنییان داوە، داوادەکەن گرەنتی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بدرێت و یاری بە ئەنجامەکانەوە نەکرێت و چەکی لەیاسا دەرچوو کاریگەری لە پڕۆسەی دەنگدان نەبێت.

لە بەرامبەردا "حسێن نەجار"، سەرکردە لە حزبی شیوعی عێراق دەڵێت، لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن پەشیمان نابنەوە، لەسەر ئاستی فراوانی سەرکردە و ئەندامانی حزبەوە بڕیارەکە دراوە.

بەڕای ئەو، ئەم هەڵبژاردنەش هاوشێوەی ئەوانی پێشووترە و هەمان ئەو دەموچاوانە بەرهەم دێنێته‌وە و گۆڕانکاری راستەقینە روونادات.

لەلایەکی دیکەوە، "حەسەن سەلمان"، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد، ناتوانرێت پێشبینی رێژەی بەشداری خەڵک لە پڕۆسەی دەنگدان بکرێت، بەڵام هەوڵدەدەن رۆشنبیری هەڵبژاردن بگەیەننە هاووڵاتی، گوتیشی: تا ئێستا 17 ملیۆن کارتی بایۆمەتری دەنگدان دابەشکراون و زیاتر لە دوو ملیۆن کارتیش ماون.

بڕیاریشە 230 چاودێری نێودەوڵەتی، 130 لە نەتەوەیەکگرتووەکان و 100 لە یەکێتی ئەوروپا ده‌بێت، چاودێری هەڵبژاردن بکەن.

 

د.ی