مەترسییەکانی بەردەم هەڵبژاردن چارەسەر نەکراون

هەڵبژاردنی عێراق لەبەردەم مەترسی ساختەکاری و هەڕەشەی ئەمنیدایە
دیمه‌نێك له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی عێراق
دیمه‌نێك له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

ھێشتا ئالنگارییەکانی بەردەم ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بە تەواوی چارەسەرنەکراون و مەترسییەکانی ساختەکاری و پاراستنی بنکەکانی دەنگدان و کێشەی ئەمنی لە ئارادان. شارەزایان و رێکخراوەکانی بواری ھەڵبژاردن لەگەڵ رێکخراوە بیانییەکان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی کێشەکان دیاری بکرێت، بەڵام بەشداربووان هاوڕابوون لەوەی مەترسییە ئەمنییەکان وەک پێویست چارەسەرنەکراون، شارەزایەکی ھەڵبژاردنیش پێیوایە تا ئێستا ئامادەکارییەکان باشە، بەڵام عێراق وڵاتی قەزا و قەدەرە و ھەموو ئەگەرێک لە بەردەم رۆژی ھەڵبژاردن کراوەیە.

تا دێت وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نزیک دەبێتەوە، بەڵام ئالنگاری زۆر لە بەردەم پڕۆسەکە لەڕووی ئەمنی و پاراستنی بنکە و وێستگەکانی ھەڵبژاردن ماوە، رێکخراوە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و کۆمسیۆن لە دانیشتنێکی راوێژکاریدا باس لە ئالنگاری و رێگرییەکانی بەردەم پڕۆسەکە دەکەن، کۆمسیۆن دڵنیایی دەدات، کە لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادەن، بەڵام ھێشتا پێویستیان بە دڵنیایی زیاتر و چاودێرانی بیانی دەبێت، ھۆگر چەتۆ، شارەزای ھەڵبژاردنیش هه‌ندێك ئەگەری گەورە دەخاتەڕوو، کە لە بەردەم پڕۆسەکە رێگرە، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌و ئاماده‌كارییانه‌ هه‌یه‌ و كۆمسیۆن ده‌یخاته‌ڕوو.

رێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان خۆیان ئامادە کردووە، کە چاودێری پڕۆسەکە بکەن، داواش دەکەن پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە پاک و خاوێنی دوور لە ساختەکاری بەڕێوەبچێت، بەڵام پێشیان وایە عێراق وڵاتی قەزا و قەدەرە و ھەموو ئەگەرێک لە بەردەم رۆژی ھەڵبژاردن کراوەیە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی بتوانێت پڕۆسەکە بە پاک و بێگەردی بەڕێوەببات، 5 رێکاری لە پڕۆسەکە ھەڵگرت، کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو ببوونە کێشە و ساختەکاری لە پڕۆسەکە، دەنگدانی دەرەوەی وڵاتی ھەڵگرت و ھیچ بنکەیەکی نوێی دەنگدان ناکرێتەوە، چەند رۆژێک پێش ھەڵبژاردنیش دەبێت ئاوارەکان بچنەوە پارێزگاکانیان و دەنگ بدەن، گواستنەوەی دەنگەکانیش بە فلاش نییە و لەڕێگەی کێبڵەوە راستەخۆ دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری داتاکان لە بەغدا، لەگەڵ ئەم ھەموو رێکارانەشدا رێکخراوەکان ھێشتا دڵنیانین ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.

د.ی