لە کەرکووک 40 پێشێلکاری کاندیدەکان تۆمار کراوە

سێ کەس لەسەر دڕاندنی وێنە و پۆستەری کاندیدەکان دەستگیر کراون
بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک
بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکووک

K24 – کەرکووک

لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەکردن بۆ کاندیدەکانی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک، تاکو ئێستا 40 پێشێلکاری کاندیدەکانن لەلایەن کۆمسیۆنەوە تۆمارکراوە. هەندێک لەوانەی کە بە نایاسایی وێنە و پۆستەری خۆیان هەڵواسیووە سزای دارایی دراون، کۆمسیۆن ئاگادارکردنەوەی بۆ سەرجەم کاندیدەکان ناردوە.

عەلی عەباس، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "هەموو کاندیدەکان ئاگادارکرانەتەوە و داوایان لێکراوە وێنە و پۆستەری خۆیان لە شوێنی قەدەغەکراو لابەن، ئەوانەشی پابەند نابن نووسراویان لەسەر دەکەین و رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینە بەر".

لە کەرکووک 41 بنکەی دەنگدان هەیە، دابەشی سەر سێ بازنەی هەڵبژاردن  کراوە، کۆمسیۆن رێکارەکانی تەواوبوونە و چاوەڕێی رۆژی هەڵبژاردنە. هێزە ئەمنییەکانیش تاکو ئێستا سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە دەستیان لە دڕاندنی پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان هەبووە.

عەمید کاوە غەریب، بەڕێوه‌بەری پۆلیسی کەرکووک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەوە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی مەرکەزییە، هەر کەسێک سەرپێچی بکات دەستگیر دەکرێت".

لە کەرکووک لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەست هێنانی 12 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، رێژەی کورسییەکان بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراون.