ئێران لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزا لەگەڵ عێراق روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هەڵگرتنی ڤیزا هەموو گەشتەکان ناگرێتەوە
پاسپۆرتی عێراقی و ئێرانی
پاسپۆرتی عێراقی و ئێرانی

K24 – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان عێراق و ئێران روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، هەڵگرتنی ڤیزا بۆ گەشتە ئاسمانییەکانە نەک هەموو گەشتیاران.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "هەڵوەشاندنەوەی ڤیزا لەنێوان ئێران و عێراق، تەنها بۆ گەشتە ئاسمانییەکانە و گەشتە زەمینییەکان ناگرێتەوە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ 12/9/2021، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مستەفا کازمی، ئاماژەی بەوەدا، کە عێراق رازی بووە بە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای گەشتیارانی لەنێوان هەردوو وڵات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە گفتوگۆی باشکراوە، سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان بەغدا و تاران.