وەزارەتی کارەبا گرێبەستی پڕۆژەیەکی دیکەی واژۆ کرد

وەزارەتی کارەبا پڕۆژەی سکادا جێبەجێ دەکات
کاتی واژۆکردنی پڕۆژەکە
کاتی واژۆکردنی پڕۆژەکە

K24 – هەولێر

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی (سکادا)ی لەگەڵ دوو کۆمپانیا واژۆکرد. پڕۆژەکە رۆڵێکی گرنگی لە پێشخستن و کۆنترۆڵکردنی سیستمی کارەبا دەبێت.

وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد. کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا گرێبەستێکی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی سکادا لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ستێر و کۆنترۆڵ ماتیک واژۆ کرد. پڕۆژەکە بە تێچوونی (37,982,000) دۆلار لە ماوەی 900 رۆژدا جێبەجێدەکرێت.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی کارەبا روونکراوەتەوە، پڕۆژەی سکادا بۆ بەڕێوەبردن و کارپێکردنی سیستمی کارەبای هەرێم و کۆنترۆڵکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا بەکاردێت.

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، ئەم پڕۆژەیە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کارەبا، رۆڵێکی گرنگی لە پێشخستن و کۆنترۆڵکردنی سیستمی کارەبای هەرێمی کوردستان. بڕیارە پڕۆژەکە بە کوالیتییەکی باش لە ماوەی دیاریکراودا تەواو بکرێت.

کاتی واژۆکردنی پڕۆژەکە
کاتی واژۆکردنی پڕۆژەکە