تره‌مپ ویستوویه‌تی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كاربهێنێت
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
جه‌نه‌راڵ مارك میللی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، دوو رۆژ دوای رووداوی هه‌ڵكوتانه سه‌ر بینای كاپیتۆڵ له 6ی كانوونی دووه‌م (یه‌نایه‌ری 2021)، زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنی ئه‌منی توندی له پێنتاگۆن گۆتۆته‌به‌ر، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ترسی له‌وه هه‌بووه كه دۆناڵد تره‌مپ، 45مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی كرده‌وه‌یه‌كی ترسناك بدات به‌رامبه‌ر چین به‌هۆی نائومێدبوونییه‌وه له ده‌ستكه‌وتنی خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و مانه‌وه‌ی له‌و پۆسته.
ئه‌م نهێنییه و ده‌یان زانیاری دیكه له كتێبی (ترسناك - Peril)دا خراوه‌ته‌ڕوو كه له‌لایه‌ن (بۆب وودوارد و رۆبه‌رت كۆستا رۆژنامه‌نووسی به ئه‌زموونی زه واشنتۆن پۆست) خراونه‌ته‌ڕوو، كه بڕیاره له 21ی ئه‌یلول (سێپتێمبه‌ری 2021) بكه‌وێته بازاڕه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه.
بۆب وۆدوارد ئه‌مه سێیه‌مین كتێبه له‌سه‌ر تره‌مپ چاپی ده‌كات، یه‌كه‌مین كتێبی (ترس) له دوای دوو ساڵ ده‌ستبه‌كاربوونی تره‌مپ له‌سه‌رۆكایه‌تی، بڵاویكرده‌وه و له‌هه‌فته‌ی یه‌كه‌میدا 1 ملیۆن و 100 هه‌زار دانه‌ی لێفرۆشرا و بووه پڕفرۆش‌ترین كتێب له‌و ساڵه‌دا.
دواتریش كۆتایی ساڵی 2020 كتێبێكی تری به‌ناوی (تووڕه‌یی - غه‌زه‌ب) له‌سه‌ر تره‌مپ بڵاوكرده‌وه كه هاوشێوه‌ی كتێبی پێشووی پڕفرۆش بوو، له‌و كتێبه‌دا ئه‌وه‌ی تێدایه كه دوو راوێژكاری تره‌مپ بێ‌ئومێد بوون كه تره‌مپ په‌شیمان كه‌نه‌وه له كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و راسته‌وخۆ فه‌رمانی به وه‌زیری به‌رگری داوه كه كاره‌كه جێبه‌جێبكات، ته‌نانه‌ت به‌پێی رای نووسه‌ر، ئه‌و دوو راوێژكاره به تره‌مپ-یان گوتووه ئێران به كوشتنی سوله‌یمانی گڕ ده‌گرێت، له‌به‌رامبه‌ردا گوتویه‌تی: "ئه‌مه‌وێت بزانم چۆن گڕده‌گرێت".
به‌پێی ئه‌م كتێبه نوێیه‌ی كه هه‌فته‌ی داهاتوو بڵاوده‌بێته‌وه، مارك میللی، رۆژی 8ی كانوونی دووه‌می 2021، به نهێنی ته‌واوی ئه‌فسه‌ره باڵاكانی له (ژووری شه‌ڕ)-ی پێنتاگۆن كۆكردۆته‌وه و پێیراگه‌یاندوون كه هه‌موو كرده‌یه‌كی سه‌ربازی ده‌وه‌ستێنرێت له نێویشیاندا به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی-یش.
ته‌نانه‌ت به‌پێی رای نووسه‌ر، میللی په‌یوه‌ندی كردووه به هاوتا چین-ییه‌كه‌یه‌وه و دڵنیایی پێیان داوه كه ناهێڵدرێت تره‌مپ هیچ كرده‌یه‌كی هه‌بێت.
بۆیه به جه‌نه‌راڵه‌كانی پێنتاگۆن-ی وتووه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنیشتان بۆهات و داوای هه‌ر كرده‌یه‌كی سه‌ربازی كرد ئه‌وه جێبه‌جێ ناكرێت، هه‌موو رێوشوێنێك له‌لایه‌ن منه‌وه ده‌بێت.
میللی به به‌رپرسانی ژووری شه‌ڕ-ی پێنتاگۆن-ی گوتووه من به‌شێكم له‌و رێوشوێنه.
میللی له چاوپێكه‌وتنێكیدا به بۆب وودوارد-ی گوتووه: "تۆ هه‌رگیز نازانێت خاڵی ده‌ستپێكردنی سه‌رۆك چۆن بووه!".
نووسه‌ر بۆ ئه‌م كتێبه و سه‌رجه‌م ئه‌و 18 كتێبه‌ی تری كه هه‌یه‌تی، پشتی به‌ستووه به سه‌رچاوه‌ی نهێنی قوڵ و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیشیان نادیار و نه‌ناسراو وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه و چاوپێكه‌وتن ئه‌ویش له‌پێناو بنیاتنانه‌وه‌ی رووداوه‌كان و گێڕانه‌وه‌یان.
بۆ ئه‌م كتێبه‌شی پشتی به 200 چاوپێكه‌وتن به‌ستووه، سه‌ڕه‌رای ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنیانه‌ی نێوام میللی و زۆر به‌رپرسی دیكه.
له‌نێو به‌ڵگه‌كانیشدا راپۆرتی پێشوه‌ختی ته‌واوی له‌سه‌ر رووداوه‌كانی 6ی كانوونی دووه‌م تێدایه كه كاردانه‌وه‌ی تره‌مپ نیشانده‌دات به‌ره‌و یاخیبوون رۆیشتووه، وێڕای ورده‌كاری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تره‌مپ به‌رامبه‌ر نووسینگه‌ی كۆشكی سپی له 5ی كانوونی دووه‌م و جێگره‌كه‌ی مایك پێنس.
نووسه‌ران ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، میللی دوو په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له رێگه‌ی كه‌ناڵێكی نهێنییه‌وه گرێداوه له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵی سوپای چین و تێی گه‌یاندوون له حاڵه‌تی وریاییداین.
به‌پێی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه میللی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران (نانسی پێلۆسی) ئه‌نجامداوه و بۆب وودوارد ده‌قی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی چنگكه‌وتووه تێیدا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات پێلۆسی دڵنیاكاته‌وه كه چه‌كی ئه‌تۆمی له‌ده‌ستێكی سه‌لامه‌تدایه.
پێلۆسی له‌كۆتایی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "تۆ ده‌زانیت ئه‌و شێته، بۆ ماوه‌یه‌كی زۆره شێت بووه"، میللی -یش ده‌ڵێت: "خانمی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هاوڕاتم له‌سه‌ر هه‌موو شتێك، بێ خه‌مبه".
دوای گفتوگۆكه میللی داوا له به‌رپرسانی باڵا ده‌كات به‌درێژایی كات چاودێری ره‌وشه‌كه بكه‌ن.
دواتر په‌یوه‌ندی به پاول ناكاسۆنی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت: "چاوتان بكه‌نه‌وه و به‌رده‌وام بن له‌چاودێری، پشكنینی هه‌موو شته‌كان بكه‌ن".
دواتر میللی هه‌واڵ به جینا هاسپێڵ به‌ڕێوه‌به‌ری CIA ده‌دات و ده‌ڵێت: "چاودێری هه‌موو شتێك بكه به ئاراسته‌ی 360 پله له‌چوارده‌وری خۆت".
كاتێك تره‌مپ ره‌تیكردۆته‌وه دان به كه‌وتنه‌كه‌یدا بنێت، هاسپێڵ، میللی ئاگاداركردۆته‌وه كه ئێمه له‌به‌رده‌م رێگه‌یه‌كداین ئه‌ویش كوده‌تایه به‌سه‌ر راستڕه‌ویدا، ئه‌و هه‌موو شتێكی شێتییه، گوتویه‌تی: "تره‌مپ وه‌ك منداڵێكی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵ ره‌فتار ده‌كات به‌ده‌ست شه‌پۆلێكی توڕه‌ییه‌وه ده‌ناڵێنێت".
هاسپێڵ دڵه‌ڕاوكێی هه‌بووه كه تره‌مپ له‌ناكاو بڕیاری لێدان له ئێران بدات، ئه‌و به میللی ده‌ڵێت: "دۆخه‌كه ته‌واو ترسناكه".
ته‌نانه‌ت به‌پێی رای نووسه‌ران هه‌ندێك له راوێژكاره‌كانیشی كه ته‌واو وه‌لائیان بۆی هه‌بووه، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت دڵه‌ڕاوكێیان هه‌بووه دوای هه‌ڵبژاردن، مایك پۆمبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشوو به میللی گوتووه: "تره‌مپ له ئێستادا له شوێن و تێڕوانینێكی تاریكدایه".
میللی به پۆمبیۆ ده‌ڵێت: "ئامانج ته‌نیا راده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه له 20ی كانوونی دووه‌م".
ده‌شڵێت: "له فڕۆكه‌یه‌كداین چوار تایه‌ی هه‌یه به‌ڵام یه‌ك دانه‌یان كارده‌كات و هیچ یه‌ده‌گێكیشمان پێ نییه و ده‌بێ ئه‌و فڕۆكه‌یه به‌سه‌لامه‌تی بنیشێنینه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان كرد سه‌ركه‌وتووین".
به‌پێی رای نووسه‌ر له‌دوای هه‌ڵبژاردن چه‌ند جارێك له كۆبوونه‌وه‌دا تره‌مپ ئه‌وه‌ی دووپاتكردۆته‌وه له میللی كه كاتی لێدانی بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران هاتووه.
یه‌كێك له به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ تره‌مپ كه میللی ئاماده‌ی نه‌بووه، تره‌مپ گوتوویه‌تی: "نازانم میللی بۆ هێرش بۆ سه‌ر ئێران دواده‌خات".
نووسه‌ران دانبه‌وه‌داده‌نێن و ده‌ڵێن: "میللی چاودێری سازدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكای كردووه بێ ئاگاداری گه‌لی ئه‌مه‌ریكا یان ته‌واوی دونیا".
نووسه‌ران جه‌خت له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌ندێك پێیانوایه له‌و رۆژانه‌دا میللی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی زیاتر تێپه‌ڕاندووه و هێزێكی زیاد له‌خۆی بره‌وداوه، به‌ڵام ئه‌و باوه‌ڕی به‌وه بووه كه كرده‌وه‌كانی سازدانێكی خۆپارێزی بووه بۆ نیازێكی باش له پێناو گه‌ره‌نتی له‌تنه‌بوون و په‌رتنه‌بوونی مێژووی سیستمی نێوده‌وڵه‌تی كه به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ جیهان و هه‌ر لایه‌كی دیكه رووبدا، به‌به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی.
بۆب وودوارد، رۆژنامه‌وانێكی بنكۆڵكاری ئه‌مه‌ریكییه، به هاوكاری له‌گه‌ڵ كارل بێرنشتاین، له ساڵی 1972 له راپۆرتێكی بنكۆڵكاریدا ئابڕووچوونی واته‌رگه‌یتیان ئاشكرا كرد، به‌هۆیه‌وه ریچار نیكسن، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 1974 له پۆسته‌كه‌ی لادرا و جیراڵد فۆردی جێگری له شوێنه‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌كاربوو.
راپۆرته بنكۆڵكارییه‌كه‌ی ئه‌وكات به‌ناوی "هه‌موو پیاوه‌كانی سه‌رۆك All The President's Men" بوو و له رۆژنامه‌ی واشنتن پۆست بڵاوكرایه‌وه، تێیدا ورده‌كاری سیخوڕیكردن به‌سه‌ر هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیموكراته‌كان له‌لایه‌ن پیاوانی ریچارد نیكسۆنه‌وه ئاشكرا كرا.