مەسرور بارزانی بودجەیەك بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی کوردستان تەرخان دەکات

ساڵانە 900 ملیۆن دینار بۆ بووژانەوەی کەرتی شوێنەوار خەرج دەکرێت
شوێنه‌وارێكی نزیك ده‌ربه‌ندیخان
شوێنه‌وارێكی نزیك ده‌ربه‌ندیخان

K24 - هه‌ولێر:

لەسەر رەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە 900 ملیۆن دینار بۆ بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار خەرج دەکرێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ماوەی 10 ساڵە بەهۆی قەیرانەكانەوە نەتواندرابوو بودجەیەكی پێویست بۆ كەرتی شوێنەوار دابنرێت، ئێستا سەرۆكی حكومەت رەزامەندی نیشان داوە كە ساڵانە 900 ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار تەرخان بكرێت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئامانجیەتی زۆرترین شوێنەوارەكانی کوردستان بخاتە ریزی شوێنەوارە جیهانییەكان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێیوایە ئەو 900 ملیۆن دینارە دەبێتە هۆی بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان، گوتیشی ئەو بودجەیەی سەرۆكی حكومەت رەزامەندی لەسەر داوە، كاریگەری لەسەر بووژانەوەی كەرتی شوێنەوار دەبێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتیکردەوە، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی كەرتی شوێنەواری كوردستان ببرێتە ریزی شوێنەوارە جیهانییەكان.