بەشێك لە کاندیدان دەیانەوێت کار لەسەر پاراستنی ژینگە بکەن
K24 - هه‌ولێر:
لە بەرنامەی بەشێک لە کاندید و لایەنەکان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پلانی تایبەت بە ژینگە داڕێژراوە، بەو ئامانجەی پارێزگاری لە پاکراگرتنی زیاتری ژینگە بکرێت و بتوانن زیاتر کار لەسەر یاسا و رێنماییەکان لە خولی داھاتووی پەرلەمان بکەن. گوتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستانیش نایشارێتەوە ھەرچەندە بەرنامەی کاندید و قەوارە سیاسیەکان لە ئاست قەبارەی پیسبوونی ژینگەی عێراق نین، بەڵام دەخوازێت کاری جددیتر لە پێناو دابینکردنی ژینگەیەکی خاوێنتر بکرێت.
ژینگەدۆستان داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئەو كاندیدانە دەكەن بە بێ جیاوازی، كه بەربژێرن بۆ ھەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، کار بۆ پاراستنی ژینگە بکەن، بەشێک لە کاندیدەکان بەرنامەی ژینگەیان ھەیە و لە ھەڵمەتەکانیاندا باسی پاراستنی ژینگە دەکەن و بەرنامەیان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە داناوە، تا بتوانن زیاتر کار لەسەر یاسا و رێنماییەکان لە خولی داھاتووی پەرلەمان بکەن.
رەزاق عەزیز، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی: "له رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانمانه‌وه له خولی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ده‌مانه‌وێت هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش هه‌بێت، له‌نێوان ده‌سته‌ی ژینگه و وه‌زاره‌تی ژینگه‌ی عێراق، تا كار له‌سه‌ر پاراستنی ژینگه بكرێت".
رێکخراوە ژینگەییەکان و ئەوانەی لەبواری ژینگە کار دەکەن، پێیانوایە بەرنامەی بەشێک لە کاندید و لایەنەکان بۆ پاراستنی ژینگە روون و ئاشکرایە و داواش دەکەن، لە خولی داھاتووی پەرلەمان کاری زیاتری لەسەر بکەن.
ئاسۆ شکاک، چالاكوان گوتی: "به‌شێك له كاندیده‌كانمان به‌رنامه‌یه‌كی باشیان بۆ پارستنی ژینگه هه‌یه، له هه‌ڵمه‌ته‌كانی ژینگه‌پارێزیش رۆڵیان هه‌بووه، به‌ڵام هه‌ندێك كاندیدی دیكه هه‌ن، كه به وشه‌یه‌كیش باسی ژینگه‌یان نه‌كردووه".
پیسبوونی ژینگەی عێراق لە قۆناغێکی مەترسیداردایە و ھۆشیاری پێویستیش لای ھاووڵاتیان بۆ پارێزگاری لە ژینگە لاوازە، رێکخراوکان و دۆستانی ژینگەش داوا دەکەن پەرلەمانتارانی داھاتوو کاری زیاتر بکەن بۆ ئەوەی نەکەوینە کارەساتێکی ژینگەییەوە.
د.ی