پاریس سانجێرمان بەهۆی دزەپێکردنی مووچەی راستەقینەی مێسی نیگەرانە

لیۆناردۆ و لیۆنێل مێسی و ناسر خلێفی
لیۆناردۆ و لیۆنێل مێسی و ناسر خلێفی

دوای ئەوەی بڕی مووچە و پاداشتەکانی مێسی ئاشکراکرا، پاریس سانجێرمان بە توندی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و نیگەرانی خۆی دووپاتکردەوە.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی لە رووپەڕی سەرەکی خۆی بە مانشێتێکی گەورە رایگەیاند، لیۆنێل مێسی ئەگەر بۆ ماوەی سێ ساڵ لە پاریس سانجێرمان یاریی بکات 110 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، ساڵانە مووچەکەی 30 ملیۆن یۆرۆ دەبێت و ئەگەر بۆ ساڵی دووەم و سێیەم گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە ئەوا بۆ هەر ساڵێک بە 10 ملیۆن یۆرۆ پاداشت دەکرێت.

لیۆناردۆ بەڕێوەبەری وەرزشی پاریس سانجێرمان بە توندی ئەو هەواڵانەی لیکیپی رەتکردەوە و لەمبارەیەوە گوتی 'ناتوانین چیدیکە قبووڵی بکەین هەواڵی لەمشێوەیە لەسەر بەرگی رۆژنامەی لیکیپ دابنرێن، ئەم هەواڵانە دوورن لە راستییەوە، مووچەی مێسی هەر ئەوەندەیە کە پێشتر لەسەری رێککەوتبووین و نێیمار خاوەنی زۆرترین مووچەیە لە یانەکەمان'.

ئەم هاوینە مێسی بە گرێبەستێکی سەربەست پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمان کرد و بۆ ماوەی دوو ساڵ واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی کرد، کە بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکان لیۆ دەتوانێت بۆ ساڵی سێیەم گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە و لە بەرامبەر ئەوەش پاداشت دەکرێت، بەڵام لیۆناردۆ ئەم هەواڵەشی رەتکردەوە و گوتی 'هیچ مەرجێکی ناچاری یان ئارەزوومەندانە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی مێسی نییە'.