کاندیدەکان یاداشتێکی 13 خاڵی واژۆ دەکەن

دەبێ کاندیدەکان پابەندی ئەو یاداشتە بن
رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشت لەنیوان کۆمسیۆن و کاندیدەکانی سنووری پارێزگای هەولێر
رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشت لەنیوان کۆمسیۆن و کاندیدەکانی سنووری پارێزگای هەولێر

K24 - هەولێر

لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و كونسوڵی وڵاتان، كۆمسیۆن یاداشتێكی 13 خاڵی لەنێوان خۆیی و كاندیدەكان واژۆ كرد، كە تایبەتە بە پابەندبوون بە رێكارەكانی ھەڵبژاردن، بەپێی ئەو یاداشتە  كۆمسیۆن بێ لایەنانە رێكارەكان جێبەجێ دەكات، دەبێت كاندیدەكانیش پابەندبن بە رێكار و ئەنجامەكانیشەوە کە بڕیارە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان  لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی  رابگەیەنێت.

كاندیدەكانی سنووری پارێزگای ھەولێر، واژۆیان لەسەر ئەو یاداشتە کرد کە لەنێوان ئەوان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەیە، بۆ پابەندبوون بە رێنمایی و رێکارەکانی کۆمسیۆن و بانگەشەیەكی ھێمن بكەن و دووربن لە ناوزڕاندن.

سیپان شیروانی، كاندیدی پارتی بە کوردستان24ی گوت: "بەبێ واژۆکردنی ئەو یاداشتە، وەک پارتی ئێمە پابەندین بە رێکارەکانی هەڵبژاردن، هەم لەکاتی بانگەشە و هەمیش لە رۆژی دەنگدان، لە سەرکردایەتی خۆمان ئاگادارکراینەتەوە دەبێ بانگەشەیەکی هێمنانە و دوور لە تەشهیر و کاری نەخوازراو بکەین".

گوتیشی: "هەر کاندیدێک پێشێلکاری بکات و لە رێکارەکان لابدات، پێویستە سزا بدرێت و دوور بخرێتەوە".

یاداشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 13 خاڵ پێكھاتووە، لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا  ئامادەكراوە، دەبێت لایەنە سیاسیەكان و كاندیدەكان پابەندبن بە رێكارەكان و بانگەشەكانیان دووربێت لە ناوزڕاندن و دژایەتیكردنی یەكتر بە پێچەوانەوە سزادەدرێن. كۆمیسیۆنیش ئەو ئەركانەی دەكەوێتە ئەستۆی وەك خۆی جێبەجێان دەكات.

فەرھاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی ھۆبەی لایەنە سیاسییەكان لە ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێش کاندیدەکان پابەندبوونی ئێمەش بەو یاداشتە ئاماژەی پێکراوە. پێویستە کاندیدەکانیش ناوی کەس نەزڕێنن و لەکاتی بانگەشە زێدەڕۆیی نەکەنە سەر موڵکی گشتی و شارەوانی".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، لە یاداشتەكەدا پابەندی خۆی راگەیاندووە، بەوەی ھەموو رێكارەكان بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەرێوەبچێت. بڕیارە لەم هەڵبژاردنەدا لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەكان رابگەیەنرێت، کۆمسیۆن لایەنە سیاسیەكانیشی پاپەند کردووە، ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان پەسەند بكەن.