بەشێک لە پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ سەرکردایەتی پارتی دەخرێتەڕوو

وتەبێژی پارتی: بە گەڕانەوەمان بۆ کەرکووک هەندێک لایەن لە پێگەی خۆیان دەترسن
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان - 21/9/2021
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان - 21/9/2021

K24 - هەولێر

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێک لە پەیامی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دەخاتەڕوو.

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەشێک لە پەیامی سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکە "یەکڕیزی و پێکەوە کارکردن، هەوڵدان بۆ ئەوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئیستفزازی و گرژ نەبێت و کاندید و بانگەشەکاران ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن".

ئەمڕۆ سێشەممە 21/9/2021، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە وتەبێژی پارتی بۆ میدیاکان دوا و گوتی: "ئێمە وەک پارتی لەم هەڵبژاردنەدا پێگەی خۆمان دەپارێزین و بەرەوپێشەوە دەچین".

سەبارەت پێشێلکارییەکان دژی کاندیدانی پارتی لە کەرکووک و شنگال، وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەدا: "هەندێک خەڵکی نامەسئول هەیە و هەست بە بەرپرسیاریەتی ئەم بارودۆخە ناکات، هەندێک حاڵەتی رێگری و دڕاندنی پۆستەری کاندیدەکان روویداوە، بەڵام ئەمانە دەبێ چارەسەر بکرێن".

لەبارەی دژایەتی هەندێک لایەن بۆ گەڕانەوەی پارتی و پێشمەرگە بۆ کەرکووک، مەحموود محەمەد گوتی: "هەندێکیان ناهەق نین، چونکە دەزانن کە پارتی دەگەڕێتەوە، مەسەلەی کوردایەتی لەو شوێنانەی کە ریشەی داکوتاوە زیندوو دەبێتەوە، ئەوان لەمە دەترسن، بۆیە لەنێوان خۆیان دژی پارتی و پێشمەرگە گفتوگۆ دەکەن و رێکدەکەون. ئەوان رێگری لە مەسەلەیەکی دیکەی گەورە دەکەن، ئەوان دەزانن بەمە پێگەی ئەوان لەناو حکومەت و حوکمڕانی لەق دەکات، تەنها لە پێگە و رێگەی خۆیان دەترسن، ئەگەرنا شتێکی ئاساییە و کەرکووک شارێکی کوردستانییە و با ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت ئێمە رێز لە بڕیاری خەڵکی کەرکووک دەگرین".