نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى سەربازیى ئەمەریکى کرد

نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە تێکشکاندنى داعش، بۆ ئارامى و سەقامگیریى عیراق و ناوچەکە گرنگە
نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى سەربازیى ئەمەریکى کرد
نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى سەربازیى ئەمەریکى کرد

K24 - هه‌ولێر:

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/9/21 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە جەنەراڵ کیس فلپس، بەرپرسى باڵاى سەربازى و بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمەریکى لە عێراق و شاندێکى سەربازى و دیپلۆماسیى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنى و سەربازییەکان لە عێراق، بەڕەنگاربوونەوەى تیرۆر و جموجۆڵ و کردارەکانى داعش لە عێراق و سووریا، دۆخى دەشتى نەینەوا و شەنگال، چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە، سوپاى عێراق و هێزەکانى هاوپەیمانان و بەئامانجگرتنى هێزەکانى هاوپەیمانان لە هەولێر، تاوتوێ کران.

نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە تێکشکاندنى داعش، بۆ ئارامى و سەقامگیریى عێراق و ناوچەکە گرنگە و سوپاسى هاوکارى و پشتگیریى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە عێراق و هەرێمى کوردستان کرد، هەروەها موکوڕى و پابەندى بە چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگەوە بۆ ڕێکخستنەوەى هێزەکان و گرنگیى پشتگیریى ئەمەریکا و وڵاتانى دیکەى دۆستى لە پرۆسەکە، دووپات کردەوە.

لاى خۆیەوە جەنەراڵ فلپس باسى لە گۆڕانى ئەرکى هێزەکانى ئەمەریکا لە چوارچێوەى دیالۆگى عێراق و ئەمەریکادا کرد و جەختى لە هاریکارى و هەماهەنگی بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنى یەکجارەکیى داعش کردەوە، هەروەها ڕایگەیاند کە ئەوان بە بایەخەوە لە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەڕوانن و لەمبارەیەوە هاوکار دەبن.

پێشوازى لە شاندێکى سەربازیى ئەمەریکى
پێشوازى لە شاندێکى سەربازیى ئەمەریکى

پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و مەترسى و ئاڵنگارى و دەرفەتەکان و دۆخى ئەفغانستان و لێکەوتەکانى، چەند لایەنێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە کونسوڵى گشتیى ئەمەریکا ئامادەى بوو.