كریستیانۆ و توخێل رۆژێكی ناخۆشیان تێپه‌ڕ كرد

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی مان یونایتد و تۆماس توخێل راهێنه‌ری چێڵسی
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی مان یونایتد و تۆماس توخێل راهێنه‌ری چێڵسی

لە گەڕی شەشەمی پرێمەرلیگ لە یاریی لوتکە مانچێستەر سیتی لە ستامفۆرد بریدج شکستی بە چێڵسی هێنا و لە یارییەکی دیکەشدا مانچێستەر یونایتد لەنێو قەڵای ئۆڵدترافۆرد بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا دۆڕا.

لە 29ی ئایاری رابردوو چێڵسی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە مانچێستەر سیتی بردەوە و ئەم یانەیەی لە یەکەمین ناسناوی چامپیۆنزلیگ بێبەش کرد و پێپ گواردیۆلا دوای سێ شکستی بەرامبەر تۆماس توخێل تۆڵەی لە یانە لەندەنیەکە و راهێنەرەکەی کردەوە، بلوز و سیتیزن لە ستامفۆرد بریج بەیەک گەیشتن.

سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوولا بۆ تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام هیچ لە ئەنجامی یارییەکە نەگۆڕا تا ئەوکاتەی یارییەکە گەیشتە خولەکی 53 و گابریێل خیسۆسی بەڕازیلی گۆڵی کرد و مانچێستەر سیتی لە یارییەکە پێشخست.

هەوڵەکانی مان سیتی بۆ گۆڵی دووەم بەردەوام بوو، دوای گۆڵەکە بە تەواوی فشاریان لەسەر گۆڵی بلوز دروست کرد و بەرپەرچیان درایەوە، بەرگریکاران و مێندی گۆڵپارێز رێگەیان نەدا ئەنجامەکەیان لەسەر قوڕستر بکرێت.

دواجار فیکەی کۆتایی لێدرا و مانچێستەر سیتی یارییەکە بە تاکە گۆڵەکەی خیسۆس بردەوە و چوارەمین بردنەوەی لە پرێمەرلیگ بەدەستهێنا و بووە خاوەنی سێزدە خاڵ، لەبەرامبەردا چێڵسی تامی یەکەمین دۆڕانی ئەم وەرزەی کرد و بە خاوەنی 13 خاڵ مایەوە.

مانچێسته‌ر یونایتد یه‌كه‌مین یاری له‌گه‌ڵ كریستیانۆ دۆڕاند

لە یارییەکی دیکەی گەڕی شەشەمی پرێمەرلیگ مانچێستەر یونایتد لە قەڵای ئۆڵدترافۆرد میوانداری ئاستۆن ڤیلای کرد و یارییەکەشی پێدۆڕاند.

هەردوو یانە بە هێرشی خێرا خۆیان لە گۆڵی یەکتر نزیک کردەوە و بوونە هەڕەشە لەسەر یەکتر، دێڤید دی خیای گۆڵپارێز لە خولەکی 22 خەریک بوو دیارییەک پێشکەشی میوانەکەیان بکات.

لە خولەکی 88 لە کاتێکی کوشندە ئاستۆن ڤیلا تۆڕی گۆڵی مان یوی هەژاند و کۆرتنی هۆس واژۆی لەسەر گۆڵەکە کرد. لە کاتی زیادکراوی کۆتایی یارییەکە ناوبژیوان فیکەی لێدانی سزای بۆ شەیتانە سوورەکان لێدا .

لە کاتێکدا کریستیانۆ ئامادەبوو، برونۆ فێرناندێز لێدانە سزاکەی جێبەجێکرد و بە هەموو هێزی تۆپەکەی رەوانەی دەرەوەی گۆڵ کرد و دەرفەتی راستکردنەوەی ئەنجامەکەی فەوتاند، یارییەکە بە شکستی مان یو کۆتایی هات و بۆ یەکەمجار لەم وەرزەی پرێمەرلیگ دۆڕان.