سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەزیری بازرگانیی تورکیا کۆبووەوە

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا کرد، کە دراوسێیەکی گرنگیی هەرێمی کوردستانه‌
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌زیری بازرگانیی توركیا كرد
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌زیری بازرگانیی توركیا كرد

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە (26ی ئەیلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021) پێشوازی لە "محەمەد مووش"، وەزیری بازرگانیی تورکیا و شاندی یاوەری کرد و دواتر لەگەڵ شاندی باڵای بازرگانیی تورکیا، کە لە ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهێنەرانی تورکیا پێکهاتبوو، کۆبووەوە.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ محه‌مه‌د مووش، وه‌زیری بازرگانیی توركیا كرد
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ محه‌مه‌د مووش، وه‌زیری بازرگانیی توركیا كرد

لە کۆبووەنەوەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا کرد، کە دراوسێیەکی گرنگیی هەرێمی کوردستان و عێراقە و دەروازەی هەرێمە بەرەو ئەوروپا و جیهان و هاتنی ئەم شاندە بازرگانییە گەورەیە، گوڕوتینێکی زیاتر بە پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەدات. سەرۆکی حکومەت، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندیی ھەمەلایەنەیە لە گەڵ تورکیا لە سەر بنەمای رێز و بەرژەوەندی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش.

سەرۆکی حکومەت، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و روونیکردەوە کە حکومەتی هەرێم، گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی وەبەرهێنان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش، هەر کارئاسانییەک پێویست بێت دەیکات بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و برەودان بە پرۆسەی سەرمایەگوزاریی و بازرگانی.

وەزیری بازرگانیی تورکیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە سەر هەموو ئاستەکان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری جموجۆڵی بازرگانیی و وەبەرهێناندا. هیواشی خواست کە ئاستی بازرگانیی و سەرمایەگوزاریی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، لە داهاتوودا بەرفراوانتر ببێت.