قه‌یرانی به‌نزین سوپای به‌ریتانیا ده‌خاته حاڵه‌تی ئاماده‌باشی
K24- هه‌ولێر:
به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی به‌نزین له دوای پشووی كۆتایی هه‌فته له به‌ریتانیا و دروستبوونی جه‌نجاڵی له وێستگه‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ی شۆفێران له ترسی نه‌مانی به‌نزین روویان له به‌نزینخانه‌كان كردووه، سوپای ئه‌و وڵاته خرایه حاڵه‌تی ئاماده‌باشی.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ئێندیپێندتی به‌ریتانی، له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاندووه، "ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه پێویست بكات، ژماره‌یه‌ك شۆفێری تانكه‌ری سه‌ربازی ده‌خرێنه حاڵه‌تی ئاماده‌باشی، بۆ ئه‌وه‌ی بڕێكی زیاتری به‌نزین هاورده بكه‌ن".
وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه ئاماژه‌ی پێدا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر له ترسی نه‌مانی به‌نزین روویان له به‌نزینخانه‌كان كردووه، له 90%ی وێستگه‌كانی سووته‌مه‌نی له شاره‌كانی ئینگلته‌را هیچ سووته‌مه‌نییه‌كیان نه‌ماوه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه هاوبه‌ندی بازرگانانی پێترۆڵ "بی ئار ئێی" رایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه نزیكه‌ی نیوه‌ی وێستگه‌كانی شانشینی یه‌كگرتووه كه ژماره‌یان 8 هه‌زار وێستگه‌یه، هیچ سووته‌مه‌نییه‌كیان لێ نه‌ماوه.
براین ماده‌رسن، سه‌رۆكی هاوبه‌ندی ناوبراو هۆشداری له كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌گه‌ری پشتبه‌ستن به سوپا دا، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، گواستنه‌وه‌ی ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی له گڕگرتن خێرایه، پێویستی به دوو شۆفێری تایبه‌تمه‌ند و رێكاری دیاریكراو هه‌یه.
ئه‌مه‌ش وایكردووه، یه‌كێتی كارمه‌ندانی پزیشكی هه‌ست به نیگه‌رانی بكه‌ن، چونكه وه‌ك رایگه‌یاندووه، زۆرێك له ئه‌ندامانی یه‌كێتییه‌كه‌یان ماوه‌ی پشووی كۆتایی هه‌فته‌یان به گه‌ڕان به‌دوای به‌نزیندا به‌سه‌ر بردووه.
له ساڵی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ئه‌مه یه‌كه‌م جاره به‌ریتانیا رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی له‌مشێوه‌یه ده‌بێته‌وه، كاتێك بۆ ماوه‌ی 3 رۆژ به‌هۆی نه‌مانی به‌نزین كاری زۆربه‌ی فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و وڵاته په‌كیان كه‌وت، دواتریش به‌ر له دوو ده‌یه، خۆپیشاندانه‌كان له دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نیی گواستنه‌وه، بووه هۆی داخستنی پاڵێوگه‌كان و وه‌ستانی ته‌واوی چالاكییه‌كان بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌و وڵاته.
دوای بڕیاری به‌ریتانیا بۆ ده‌رچوون له یه‌كێتی ئه‌وروپا و لێكه‌وته‌كانی په‌تای كۆرۆنا، ژماره‌ی شۆفێرانی ئامێره‌كانی گواستنه‌وه و بارهه‌ڵگره‌كان له به‌ریتانیا به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میان كرد، به‌مه‌ش جۆرێك له پشێوی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی زۆربه‌ی پێداویستییه‌كانی وڵات هاته ئاراوه و نرخی كاڵاكانیش به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌وه.
H.B