بینئالی یەڵدرم: ھیچ بایه‌خێك بۆ بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دانانێین

"پەیوەندییەكانمان بەردەوام دەبن"

K24 - ھەولێر

سەرۆك وەزیرانی توركیا دەڵێ، ھیچ بایه‌خێك بۆ بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دانانێین و هه‌رچییه‌كیش رووبدات، پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەڵمانیا ناپچڕێنین.

بینئالی یەڵدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەمڕۆ بەرلەوەی سەردانەكەی بۆ ئازربایجان دەستپێبكات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: "ئەو پرسە كە مێژووناسان لەسەری رێك ناكەون، راست نییە پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری لەبارەوە بدات، گه‌لی توركیا ئەو بڕیارە قه‌بووڵ ناكات".

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا سەرۆك وەزیرانی توركیا گوتی: "با ھیچ كەس چاوەڕێی ئەوە نەكات ده‌ستبه‌جێ پەیوەندییەكانی توركیا و ئەڵمانیا تێكبچن، ھەرچەندە بێدەنگ نابین، بەڵام پەیوەندییەكانمان بەردەوام دەبن".

دوێنێ پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ دانی بە جینۆساید ناساندنی رووداوەكانی ساڵی 1915دا نا، كە نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار ئەرمەنی تێیدا بوونە قوربانی.