مێرکڵ: قسەکانی ئەردۆغان بەھایەكی ئەوتۆیان نییە

واباشترە لەبری ئەمە كێشەكانی لەگەڵ ئەرمینیا چارەسەر بكات

K24 - ھەولێر

راوێژكاری ئەڵمانیا رایگەیاند، گوێ بە قسە زبرەكانی سەرۆكی توركیا نادات و قسەكانی بەھایەكی ئەوتۆیان نییە.

ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆكی ئازربایجان رایگەیاند: "ئاگاداری لێدوانە تووندەکانی ئەردۆگانم، بەڵام ئەم قسانە بەهایەكی ئەوتۆیان نییە، واباشترە لەبری ئەمە كێشەكانی لەگەڵ ئەرمینیا چارەسەر بكات".

گوتیشی: "گوێ بەو قسانە نادەم كە ئەردۆگان دەیانكات، بەڵكو ئەوەی بەلای وڵاتەكەمەوە گرنگە رێككەوتنی توركیا‌ و ئەرمینیایە".

هەروەها راوێژكاری ئەڵمانیا رونیكردەوە، كە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان شتێكە روویداوەو پێویستە هەموو وڵاتێك هەڵوێستی ویژدانی خۆی دەربڕێت.

دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ دانی بە جینۆساید ناساندنی رووداوەكانی ساڵی 1915دا نا، كە نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار ئەرمەنی تێیدا بوونە قوربانی، پەیوەندییەكانی نێوان ئەڵمانیا و توركیا بەرەو ئاڵۆزیی چووە و بەرپرسانی باڵای توركیا چەندین لێدوانی توندیان دژ بەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیاداوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕیووە.