"ئەمەریکا بە بەهای 85 ملیار دۆلار چەک و فڕۆکەی لە ئەفغانستان جێهێشتووە"

"لەنێویاندا 100 هێلیکۆپتەر، 22 هەزار ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ هەیە"
چوکدارێکی تاڵیبان لە فڕۆکەخانەی کابول
چوکدارێکی تاڵیبان لە فڕۆکەخانەی کابول

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی سەربازی رووسیا رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا بە بەهای زیاتر لە 85 ملیار دۆلار چەک و فڕۆکەی لە ئەفغانستان جێهیشتووە.

دێمێتری شۆگایۆڤ، سەرۆکی دەستەی هەماهەنگی تەکنیکی سەربازی رووسیا رایگەیاند، ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازیانەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بۆ چەکدارانی تاڵیبان جێهێشتووە بەهاکەی بە زیاتر لە 85 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.

بە گوتەی شۆگایۆڤ، ئەمەریکا دوای چۆڵکردنی ئەفغانستان ژمارەکی زۆر فڕۆکە و 100 هێلیکۆپتەر، 22 هەزار ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ و 358 هەزار پارچە چەکی سووک و 176 تۆپ و هەشت هەزار بارهەڵگری بەجێهێشتووە.

ئاشکرای کردووە، ساڵی 2011 ئەمەریکا 63 هێلیکۆپتەری لە رووسیا بۆ ئەفغانستان کڕیوەو بەدووری نازانێت، ئەو هێلیکۆپتەرە رووسیانەشی بۆ چەکدارانی تاڵیبان جێهێشت بێت.

لە 31/8/2021، دوا سەربازی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی کابول کشایەوە و زۆر لە چەک و تەقەمەنی لەو فڕۆکەخانەیە کەوتە دەست چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان.