فڕۆکەخانەی کابول کەوتەوە ژێر دەستی تاڵیبان

دوا سەربازی ئەمەریکا خاکی ئەفغانستانی بەجێهێشت
هێزێکی تایبەتی تاڵیبان لە فڕۆکەخانەی کابول
هێزێکی تایبەتی تاڵیبان لە فڕۆکەخانەی کابول

K24 – هەولێر

شەوی رابردوو ئەمەریکا کشانەوەی دوا سەربازی لە فڕۆکەخانەی کابول راگەیاند و دوای 20 ساڵ هێزەکانی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبان چوونەوە فڕۆکەخانە کابول.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پنتاگۆن رایگەیاند، ئەرکی سەربازی 20 ساڵەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان کۆتایی هات و دوا سەرباز لەو وڵاتە کشاوەتەوە، هاوکات زیاتر لە 123 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی کابولەوە راگوێزراون.

دوای بڵاوبوونەوەى هەواڵەکەش، چەکدارانی و لایەنگرانی بزوتنەوەی تاڵیبان تەقەی خۆشیان بەرەو ئاسماندا کرد و درەنگانی شەویش هێزێکی تایبەتی تاڵیبان چووەتە ناو فڕۆکەخانە.

لەلایەکی دیکەوە بەگوێرەی لێدوانێکی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا "تا ئێستا زیاتر لە 100 ئەمەریکی، لە ناو ئەفغانستان ماون، بەشێکییان نیازی بەجێهێشتنی ئەو وڵاتەیان نییە".

بلینکن، راشیگەیاند: "ئەرکی سەربازیمان لە ئەفغانستان کۆتایی هات، سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی واشنتن و کابول دەستپێدەکات".