كاندیدانی پارتی كار بۆ یاسای نه‌وت و گاز ده‌كه‌ن

"هۆكاری ئه‌وه‌ی دەسەڵاتدارانی عێراق رێگە بە دەرچوونی ئه‌و یاسایه‌ نادەن، بوونی گەندەڵییه‌كی فراوانه‌ لەو سێکتەره‌"

K24 - هه‌ولێر:

لە ساڵی 2007 عێراق یاسای نەوت و گازی ئامادەکردووە، بەڵام تا ئێستا نەنێردراوەتە پەرلەمان، کاندیدانی پارتیش هەوڵدەدەن هەرچی زووترە، دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی 111 و 112ی دەستووری عێراقی فیدراڵ چارەسەر بکەن و یاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەربچێت. شارەزایانی نەوت و گازیش پێیانوایە لایەنەکانی عێراق بابەتەکەیان بە سیاسی کردووە.

14 ساڵە عێراق رەشنووسی یاسای نەوت و گازی بە تەوافوق لەگەڵ لایەنەکان ئامادەکردووە، بەڵام تا ئێستا نەنێردراوەتە پەرلەمان ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ بۆشاییه‌كی یاسایی و دەستووری له‌ كه‌رتی نەوت و گاز دروست ببێێ، سەباح  سوبحی، کاندیدی پارتی لە ھەولێر ئاشکرای كرد، ھەرێمی کوردستان بووه‌تە قوربانی نەبوونی یاسای نەوت و گاز، واشیکردووە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی لێ زەوت بکرێت.

د. گۆڤەند شێروانی، شارەزای نەوت و گاز پێیوایه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی دەسەڵاتدارانی عێراق رێگە بە دەرچوونی ئه‌و یاسایه‌ نادەن، بوونی گەندەڵییه‌كی فراوانه‌ لەو سێکتەره‌، ھیچ یاسایەکیش نییە رێگریان لێبکات، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەو رەشنووسەی ئامادەکراوە، پێویستە بە زووترین کات بنێردرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی ببێت بە یاسا.

لە ساڵی 2007ـه‌وە رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق ئامادەکراوە، بەڵام لەبەر ململانێی سیاسیی ناو ماڵی شیعە لەسەر رەشنووسەکە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی، رێكنه‌كه‌وتوون بنێردرێتە پەرلەمان، تا ئێستاش له‌ كه‌رتی نه‌وت و گاز کار بە یاسای کۆنی رژێمی بەعس دەکرێت، کاندیدانی پارتی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدەن هەرچی زووترە، دۆسیەی نەوت و گاز لەسەر بنەمای مادەی 111 و 112ی دەستووری عێراقی فیدراڵ چارەسەر بکەن و یاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت. هەروەها هەوڵ دەدەن دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتەکانی فیدراڵی وەک لە ماددەی 106ی دەستووردا هاتووە، دابمەزرێت.

د.ی