عێراق لە فرۆشی نەوتدا نزیکەی 7 ملیار دۆلاری دەستکەوتووە

لە یەک مانگدا 92 ملیۆن و 422 هەزار و 485 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە
كێڵگەی نەوتی - فۆتۆ: AFP
كێڵگەی نەوتی - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق بە پشت بەستن بە داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆ ئاماری هەناردەی نەوت و داهاتەکەی بۆ مانگی ئەیلوولی رابردوو بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بڕی هەناردەی نەوتی خاو بە درێژایی مانگی ئەیلوول 92 ملیۆن و 422 هەزار و 485 بەرمیل نەوت بووە، داهاتی فرۆشی ئەو بڕەش نزیکەی 6 ملیار و 711 ملیۆن و 7 هەزار دۆلاری ئەمریکی بووە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، کۆی هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاست نزیکەی 89 ملیۆن و 224 هەزار و 354 بەرمیل نەوت بووە.

لە کێڵگەی کەرکووکیش بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دوو ملیۆن و 922 هەزار و 857 بەرمیل بووە. هەروەها بڕی 275 هەزار و 274 بەرمیل نەوتیش هەناردەی ئوردن کراوە.

لە داتاکانی کۆمپانیای سۆمۆدا هاتووە، تێکڕای هەناردەی رۆژانەی نەوت 3 ملیۆن و 81 هەزار بەرمیل نەوت بووە. ناوەندی نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش 72.612 دۆلار بووە.