بۆ یەکەمجار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە قەتەر بەڕێوەدەچێت

15 نوێنەر راستەوخۆ لەلایەن میری قەتەر دادەنرێن
هەڵبژاردنی قەتەر - 2/10/2021 - فۆتۆ: AA
هەڵبژاردنی قەتەر - 2/10/2021 - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

بۆ یەکەمجار لەمێژووی قەتەردا، ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و تیایدا دەنگدەران 30 نوێنەر بۆ ئەنجومەنی شورا هەڵدەبژێرن و 15 نوێنەری دیکەش راستەوخۆ لەلایەن تەمیم بن حەمەد، میری ئەو وڵاتە دادەنرێن، بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ ئەنجامەکان رابگەیەنرێن.

ئەرکی ئەنجوومەنی شورای قەتەر، پەسندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی و سەندنەوەی متمانەیە لە وەزیرەکان، بەڵام میری وڵات دەتوانێت ڤیتۆ لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەن بەکاربێنێت.

چاودێرانیش پێیانوایە هەڵبژاردنەکە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە سیستمی سیاسی قەتەر بەدیناهێنێت، ئەوەی جێی سەرنجیشە، 28 ئافرەت خۆیان کاندید کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە 90٪ی دانیشتوانی قەتەر بیانین، بەڵام تەنیا خەڵکی وڵاتەکە دەتوانن دەنگ بدەن.