250 هەزار سەربازی عێراقی دەخرێتە ئامادەباشییەوە

بەرپرسێکی سەربازی زانیاری دەخاتەڕوو
هێزەکانی عێراق - ئەرشیف
هێزەکانی عێراق - ئەرشیف

K24 – هەولێر

لە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر، 250 هەزار سەربازی عێراق، بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن دەخرێنە ئامادەباشییەوە.

عەبدولئەمیر شەمەری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە رۆژی دەنگدان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن و پاراستنی بنکەکانی دەنگدان، لە سەرتاسەری عێراق.

راشیگەیاند، رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر کە پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت، 250 هەزار سەرباز لە شارەکانی عێراق دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، کە ئەرکیان پاراستنی 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان دەبێت لە 18 پارێزگای عێراق.

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، 5ی ئەم مانگە سندووقەکان بەسەر بنکەکان دابەش دەکرێن و هێزی ئەمنیش بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ پاراستنیان.