مباپێ هه‌موو شتێكی له‌ باره‌ی چاره‌نووسی خۆی ئاشكرا كرد

كلیان مباپێ هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان
كلیان مباپێ هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان

كلیان مباپێ چاوپێكه‌وتنێكدا ئاشكرای ده‌كات كه‌ له‌ هاوینی رابردوو داوای رۆیشتنی له‌ پاریس سانجێرمان كرد، ده‌شڵێت: ویستم به‌ رۆیشتنم له‌ یانه‌كه‌م سوودێكی ماددی گه‌وره‌ به‌ پاریس بگه‌یه‌نم.

كلیان مباپێ هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ RMC Sportـی فه‌ره‌نسا، ئاشكرای ده‌كات كه‌ له‌ مانگی ته‌مووزی رابردوو داوای رۆیشتنی له‌ یانه‌كه‌ی كرد و ئاماده‌نه‌بووه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌.

مباپێ ده‌شڵێت: من پێداگیری رۆیشتنم له‌ پاریس كرد، حه‌زم نه‌كرد یانه‌كه‌ به‌ گرێبه‌ستێكی خۆرایی جێبهێڵم، ویستم له‌ پاریس بڕۆم و ئه‌وانیش به‌ سوودمه‌ندبوون له‌ فرۆشی من یاریزانێكی دیكه‌ بگوازنه‌وه‌.

مباپێ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ زۆر له‌ پاریس دڵخۆشه‌، ده‌شڵێت: له‌وه‌ته‌ی پاریس منی گواستووه‌ته‌وه‌ دڵخۆشم لێره‌، چوارساڵم به‌ ئاسووده‌یی لێره‌ تێپه‌ڕ كردووه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامم، هه‌رگیز ئه‌و قسه‌یه‌ش راست نییه‌ كه‌ گوایه‌ من 7 ئۆفه‌ری پاریس سانجێرمانم بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌م ره‌تكردبێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موولایه‌كیشم ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌مه‌وێت بڕۆم.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، كه‌ریم بێنزێما له‌ دوایین لێدوانیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كلیان مباپێ په‌یوه‌ندی به‌ ریال مه‌درید ده‌كات، ده‌شڵێت: هاتنی مباپێ بۆ مه‌درید یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا له‌سه‌ر كات وه‌ستاوه‌.

كلیان مباپێ ته‌مه‌ن 22 ساڵ، له‌ هاوینی 2017 له‌ یانه‌ی مۆناكۆ به‌ به‌های 165 ملیۆن پاوه‌ند بۆ پاریس سانجێرمان گواسترایه‌وه‌، مباپێ له‌گه‌ڵ پاریس له‌ كۆی 182 یاری، 136 گۆڵی له‌ لیگ وه‌نی فه‌ره‌نسا كردووه‌.