وادەی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئاشکرا کرا

18 کاندید لە سنووری پارێزگای هەولێر سزا دراون
بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت لە هەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان
بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت لە هەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – هەولێر

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە 11ی ئەم مانگە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئاشکرا دەکرێن و رۆژی دواتریش 12ی مانگ ئەنجامەکانی کۆتایی رادەگەیەنرێن.

فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی ژووری لایەنە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەپێی ئەو خشتەیەی بۆمان دانراوە، لە 11ی مانگ ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیەنرێن و رۆژی 12ی مانگیش ئەنجامەکانی کۆتایی ئاشکرا دەکرێن".

سەبارەت بە سەرپێچییەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەدا: "تائێستا 18 کاندید لە سنووری پارێزگای هەولێر سزا دراون و کاندیدێکیش دوورخراوەتەوە".

فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، گوتیشی: "هەر کاندیدێک بانگەشەی هەڵبژاردن رانەگرێت سزاکەیان دەبێتە دوو هیندەی پێشتر دیار کراوە".

راشیگەیاند: "هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە دەنگدانی تایبەت روویاندا لە دەنگدانی گشتی دووبارە نەبنەوە".

بەرپرسی ژووری لایەنە سیاسییەکان لە ئۆفیسی هەولێری هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتی: "دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر هاوتا بوون و هیچ جیاوازییەک نەبوو لەنێوان ژماردن بە دەست و ژماردنی ئامێری دەنگدان".