300 كاندیدی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە سەربەخۆ تۆمارکراون
بنكه‌یه‌كی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی 2021
بنكه‌یه‌كی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنی 2021

K24 - هه‌ولێر:

زیاتر لە 20 گرووپی چەکداری عێراق، کە بەشێکیان لەسەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و رفاندنی چالاکوانان و هێرشکردنی سەر هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان تۆمەتبارن، بەشێکیان لە رێگەی دامەزراندنی هێزی سیاسییەوە، بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پێنجەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن و 300 کاندیدیان هەیە، لە نێویاندا سەدا 90یان کاندیدانی ئەو گرووپە چەکداریانە بە سەربەخۆ لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان خۆیان تۆمارکردووە.

زۆربەی  گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بە تایبەت ئەوانەی لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدان و بە نزیک لە ئێران دادەنرێن، باڵی سیاسییان دامەزراندووە و بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، کە زیاتر لە 20 گرووپی جیاجیا دەبن و 300 کاندیدییان هەیە و 90%یان بە سەربەخۆ ناوییان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمارکردووە.

گرنگترینییان رێکخراوی "بەدر"ە بە سەرۆکایەتی "هادی عامری"، کە بە 73 کاندید بەشدارە و ئەم گرووپانەش هەریەکەیان بە ژمارەیەک کاندید بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، "عەسائیب ئەهلولحەق" بە سەرۆکایەتی "قەیس خەزعەلی" لە رێگەی بزوتنەوەی سادیقون، جوندی ئیمام، کە ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکایەتی دەکات، سەریا جیهاد، بە سەرکردایەتی حەسەن رازی، بزوتنەوەی جیهاد بەنا، کەتائیبی حزبوڵا بە سەرۆکایەتی حەسەن موئنیس، بزوتنەوەی ماف، لە رێگەی 40 کاندید، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، کە محەمەد شاکر شەمەر سەرۆکایەتی دەکات، بە 24 کاندید، کەتیبەکانی ئەبوفەزڵ عەباس بە سەرکردایەتی ئەبوعەلی دەراجی. رەوتی تەحەددی، بە 6 کاندید بەشدارە، هەروەها هێزەکانی ئیمام، بەسەرۆکایەتی یوسف سەنناوی، ئیئتلافی قادرون بە 26 کاندیدەوە بەشدارە، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و حەشدی عەشائیری بە سەرۆکایەتی وائل شەمەری بە 12 کاندید بەشداری هەڵبژاردن دەکات.

جیا لە مەترسییەکانی رێکخراوی داعش، میلیشیاکانیش بە بەربەستێکی دیکەی بەردەم ئاسایشی رۆژی دەنگدان دادەنرێن، لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا گرووپە چەکدارەکان چەندین کۆبوونەوەی هاوبەشیان سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ گۆڕانکارییەکان كردبوو و هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دابوو.