لە کەرکووک ئاستەنگ بۆ دەنگدەرانی کورد دروست دەکرێت

"دەنگدەران بێزار دەکرێن، بۆ ئەوەی دەنگ نەدەن"
بنکەیەکی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان
بنکەیەکی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

 

K24 – کەرکووک

هێمن دەلۆ پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان لە کەرکووک گرفت و کەموکوڕی زۆرە، وەک کار نەکردنی ئامێرەکانی دەنگدان، دواکەوتن لە کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان، گێچەڵ کردنی هێزە ئەمنییەکان بە خەڵک بە تایبەتی لە گەڕەکە کوردییەکان کە هاووڵاتییان لە دەنگدان سارد دەکەنەوە".

گوتیشی: "هەست دەکرێت دەستێک لە پشت ئەو بابەتەوە بێت و بیانەوێت هاووڵاتییانی کورد لە دەنگدان سارد بکەنەوە، بۆ ئەوەی رێژەیەکی کەم بەشداری بکەن تا کاریگەری لەسەر رێژەی دەنگەکانی کورد هەبێت".

عەلی قادر، پسپۆڕ لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، بە کوردستان24ی راگەیاند: "گرفت لە پڕۆسەی دەنگدان هەیە و هەندێک بنکە بەهۆی کار نەکردنی ئامێرەکان هەیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە راهێنانی باش بە کارمەندانی کۆمسیۆن نەکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو گرفتانە دەبێتە مایەی بێزاری خەڵک کە دەنگ نەدەن و بڕۆنەوە ماڵەکانیان، بەڵام دەبێ هاووڵاتییانی کورد دەنگ بدەن و بنکەکانی دەنگدان جێ نەهێڵن، چونکە بە دەنگدان کوردستانی بوونی کەرکووک دووپات دەکەنەوە".

عەلی قادر، ئەوەشی خستەڕوو: "لەسەر ئەو فشارەی لەسەر بریکارەکانمان و کۆی پێشێلکارییەکان لە پڕۆسەی دەنگدان لە کەرکووک گلەییەکانمان گەیاندووەتە کۆمسیۆن".

راشیگەیاند: "رێژەی بەشداری دەنگدەران لە پڕۆسەکە بەو جۆرە نییە کە لە راگەیاندنەکان باسی دەکەن، دەنگدەرانی پارتی لە پێشەوەی هەموو دەنگدەرانی دیکەوەن بۆ دەنگدان".