سیمیۆنی: هاوینی رابردوو ویستم مێسی بگوازمەوە ئاتلێتیکۆ مەدرید

مێسی و سیمیۆنی
مێسی و سیمیۆنی

دیێگۆ سیمیۆنی بۆیەکەمجار نهێنییەک دەدرکێنێت و دان بەوەدا دەنێت هاوینی رابردوو هەوڵیداوە لیۆنێل مێسی بگوازێتەوە ریزەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید.

دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی ئۆلێی ئارجێنتینی دەڵێت 'هاوینی رابردوو کاتێک مێسی بەفەرمی رۆیشتنی خۆی لە بارسێلۆنا راگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قسەم لەگەڵ مێسی نەکرد، وەکو رێزێک بۆ ئەو دۆخەی پێیدا تێدەپەڕی، بەڵام قسەم لەگەڵ لسوی سوارێز کرد تا بزانم چانسمان بۆ گواستنەوەی لیۆ چەندە'.

راهێنەرە ئارجێنتینییەکە دەڵێت 'بە سوارێزم گوت ئایا مێسی حەز دەکات پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەمانەوە بکات؟ ئایا هیچ ئەگەرێک یان گریمانەیەک هەیە ئەگەر بچووکیش بێت؟ ئێمە خەونمان بەوە دەبینی مێسی بگوازینەوە یانەکەمان، بەڵام ئەو خەونەمان تەنیا سێ کاتژمێری خایاند و پاریس سانجێرمان بەفەرمی گواستنەوەی مێسی بۆ ریزەکانی راگەیاند'.

هاوینی رابردوو دوای ئەوەی بەفەرمی بارسێلۆنا نوێنەکردنەوەی گرێبەستی مێسی راگەیاند، لیۆ بە گرێبەستێکی سەربەست پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمان کرد.